گیراوانی بادینان مانگرتنیان لەخواردن راگەیاند
  2022-07-24       477       


52 كەس لە گیراوانی بادینان نامەیەكیان بۆ رای گشتی بڵاوكردەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە مانیان لە خواردن گرتووە، دەشڵێن" داواكارین لە گشت سزادراوانی لە ئاسایش و چاكسازیەكانی كوردستان مانگرتنی ئازادی یان مردن بۆ یەكلاییكردنەوەی دۆسیەكانیان ڕابگەیێنن".

ئاوێنه‌: زیندانیانی بادینان لە نامەكەدا ڕایانگەیاندووە " ئێمە وەكو زیندانیانی بادینان و كۆمەڵێك رۆژنامەنوس و چالاكوان و سزادراوانی زیندانی چاكسازی گەورانی ھەولێر كە ژمارەمان 52 كەسە هاوشانی سزادراوانی شێلادزێ بڕیاری مانگگرتنمان لە خواردن داوە".

هەروەها لە نامەكەدا ئەوەش هاتووە "بۆ ھەموو لایەك رونبووتەوە كە ئێمە دوور لە ھەموو پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ و بە نایاسایی و نادیموكراسی، لەسەر ئازادی بیروراو داواكردنی مافە گشتیەكان و بەشێكیشیان بە ھۆی دژایەتی داگیركاری و بۆردومانی نیشتمانەكەمان سزادراوین، لە كاتێكدا حكومەت فرمێسكی تیمساحی بۆ قوربانیانی بوردومانی توركیا دەڕێژێت".

هاوكات، داواكارن لە گشت سزادراوانی لە ئاسایش و چاكسازیەكانی كوردستان مانگرتنی ئازادی یان مردن بۆ یەكلاییكردنەوەی دۆسیەكانیان ڕابگەیێنن.

دەقی نامەی 52 كەس لە زیندانیانی بادینان:
نامەیەك لە زیندانەوە بۆ میدیاكان
بەھۆی رێگری لە ئازادبونیان زیندانیانی بادینان مانگرتنی سەرتاسەریان راگەیاند
بۆ/ ڕای گشتی
بۆ/ ھەرسێ سەرۆكایەتی ھەرێم
بۆ/ UN و نوێنەرانی وڵاتان لە ھەرێم و رێكخراوە نێوخۆ و جیھانیەكان
ئێمە وەكو زیندانیانی بادینان و كۆمەڵێك رۆژنامەنوس و چالاكوان و سزادراوانی زیندانی چاكسازی گەورانی ھەولێر كە ژمارەمان ٥٢ كەسە ھاوشانی سزادراوانی شێلادزێ بڕیاری مانگگرتنمان لە خواردن داوە.

مانگرتنەكەمان پەیوەندی بە داواكاریەكەمانەوە ھەیە كە پێدانی (ئازادبونی مەرجدار)ە بەپێ ماددەی ٣٣١ لە بنەما دادگاییەكانی سزا كە مافێكی یاسایی خۆمانە، بەڵام لەلایەن داواكاری گشتیەوە دەستاودەستی پێ دەكرێت و ھەوڵ ھەیە بەھوی دەستێوەردانی حزبی و كەسی یەوە ئەو مافەمان لێ زەوت بكرێت و بێ بەش بكرێین لەو ٢٥٪‏ ی یاسایەی كە ھەمانە، داواكارین لە دەستھەڵاتی دادوەری سەروەری خۆی بپارێزێت و لەپێناو بەرژەوەندی حزبی و كەسی چاو لەو مافەمان دانەپوشێت، ئێستا بەپێ یاسا و كەمكردنەوەی سزاكە لە لایەن سەرۆكایەتی ھەرێمەوە ئەو سزایە نادادپەروەرانەی لەسەرمان جێبەجێكرا بوو تەواو بووە و یاسا سەروەر بێت پێویستە دەستبەجێ ئازادبكرێین.
بۆ ھەموو لایەك رۆنبووتەوە كە ئێمە دور لە ھەموو پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ و بە نایاسایی و نادیموكراسی، لەسەر ئازادی بیرۆراو داواكردنی مافە گشتیەكان و بەشێكیشیان بە ھۆی دژایەتی داگیركاری و بۆردومانی نشتمانەكەمان سزادراوین، لە كاتێكدا حكومەت فرمێسكی تیمساحی بۆ قوربانیانی بوردومانی توركیا دەڕێژێت.
داواكارین لە گشت سزادراوانی لە ئاسایش و چاكسازیەكانی كوردستان مانگرتنی ئازادی یان مردن بۆ یەكلاییكردنەوەی دۆسیەكانیان ڕابگەیێنن، چونكە بە ئاشكرا دەستێوەردان لە كاروباری دادگاكان دەكرێت، پێویستە ھەموو لایەنێك لەسەر ئەم نادادیە بھێنە وەڵام و چیتر بەھۆی فشاری حكومەتی ھەرێمەوە كارە یاساییەكانی دەستەڵاتی دادوەری پەكنەخرێت و دامەزراوەكانی ئەم وڵاتە بۆ تەسفیەی حسابات و رقی سیاسی بەكارنەھێنن.

زیندانیانی بادینان لە چاكسازی گەورانی ھەولێر

٢٤ی ٧ی ٢٠٢٢
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×