فه‌رمانگه‌ی میدیا‌و زانیاریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه كه سیستمی دابه‌شكردنی به‌نزین له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌گۆڕێت، به‌گوێره‌ی گۆڕانكارییه‌كه‌ش به‌شه به‌نزینی سلێمانی كه‌مده‌كرێته‌وه.
ئاوێنه: فه‌رمانگه‌ی میدیا‌و زانیاریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه له‌ئێستادا ڕۆژانه بڕی سێ ملیۆن لیتر به‌نزین به‌رهه‌مده‌هێنرێت، له‌و بڕه له‌سه‌دا 40ی بۆ پارێزگای هه‌ولێرو له‌سه‌دا 40ی بۆ پارێزگای سلێمانی‌و له‌سه‌دا 20یشی بۆ دهۆك ته‌رخانده‌كرێت.
ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو كه له‌مه‌ودوا دابه‌شكردنی برِى به‌نزین به‌سه‌ر پارێزگاكاندا به‌گوێره‌ی ژماره‌ی ئوتۆمبێل له‌هه‌ر پارێزگایه‌كدا ده‌بێت.
به‌گوێره‌ی ئه‌و ئاماره‌ی فه‌رمانگه‌ی میدیا‌و زانیاریی حكومه‌تی هه‌رێم بڵاویكردۆته‌وه، له‌هه‌رێمی كوردستان زیاتر له‌دو ملیۆن ئوتۆمبێل هه‌یه، یه‌ك ملیۆن‌و 775 هه‌زارو 145 ئوتومبێل به‌به‌نزین كارده‌كه‌ن، له‌و ژماره‌یه، له‌سه‌دا 55ی ئه‌و ئوتۆمبێلانه لهههولێرنو له‌سه‌دا 31ی لهسلێمانیو له‌سه‌دا 14ی لهدهۆكه، به‌و پێیه‌ش له‌مه‌ودوا دابه‌شكردنی به‌نزینی به‌رهه‌مهاتو به‌مشێوه‌یه ده‌بێت، له‌سه‌دا 57.2 بۆ هه‌ولێرو له‌سه‌دا 29.3 بۆ سلێمانی‌و له‌سه‌دا 13.5ی بۆ دهۆك ده‌بێت.