دوایین بەرهەمی سینەماکاری کۆچکردوی کورد رەحیم زەبیحی خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی مۆسکۆ وه‌رگرت
  2022-07-25       362       

فیلمی دیکۆمێنتی "نانی پیرۆز" لە دەرهێنانی رسینەماکاری کۆچکردوی کورد رەحیم زەبیحی و لە بەرهەمهێنانی تورەج ئەسڵانی، خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی بەشی پێشبڕکێی دوەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆسکۆ لە وڵاتی ڕوسیای بەدەستهێنا.

ئاوێنە: فیلمی دیکۆمێنتی "نانی پیرۆز" Holy Bread دوایین بەرهەمی سینەماکاری کۆچکردوی کورد رەحیم زەبیحی، لە بەرهەمهێنانی سینەماکاری کورد تورەج ئەسڵانی و بەرهەمی کۆمپانیای سینەمایی "ماد موڤی" MAAD Movie؛ دوای بەشداریی لە فێستیڤاڵە گرینگە جیهانییەکان و بەدەستهێنانی چەندین خەڵاتی بەنرخ؛ لە نوێترین و یازدەیەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا، لە بەشی پێشبڕکێی "بەڵگەفیلمە بڵیندەکان" لە دوەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" MKFF لە هۆڵی ناوەندی سینەمایی "ئۆکتیابر"

Oktyabr و هەروەها لە سینەما KARO 11 Ohta لە شاری سەن پتێرزبورگ لە وڵاتی ڕوسیا نمایشکرا و لە لایەن بینەرانی ئامادەبو لەمڕوداوە سینەماییە پێشوازیی لێکرا و توانی خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی بڵندی ئەم فێستیڤاڵە بەدەست بێنێت.

ئەندامانی لیژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی "بەڵگەفیلمە بڵیندەکان"ی دوەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" بریتی بون لە، ئیبڕاهیم سەعیدی، دیکۆمێنت ساز، مۆنتێر و دەرهێنەری بەرهەمە بڵیندە سینەماییەکان ـ سەرۆکی لێژنەی دادوەران لە شاری مەهاباد، ئەکڕەم هەیدۆ Ekrem Heydo دەرهێنەری ڕۆژئاوای کوردستان و دانیشتوی وڵاتی ئەڵمانیا و دکتۆر "ییلماز ئۆزدیل" Yılmaz Özdil ڕخنەگری کورد و دەرهێنەری سینەما لە وڵاتی تورکیا.

بڵاوکردنەوەی نێودەوڵەتی ئەم بەرهەمە دیکۆمێنتارییە، لە ئەستۆی کۆمپانیای "تسویر گستر الهە پارسی" (ئێلی ئیمەیج) Eli Image بە بەرپرسیارییەتی "ئیلاهە نەوبەخت"ـە.

"نانی پیرۆز" لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی "فیلمە نیوە بڵیندەکان" Mid-Length لە 33هەمین خولی فیستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی ئەمستڕدام ـ "ئیدفا" IDFA لە وڵاتی هۆڵندا و لە درێژەی بەشدارییە نێودەوڵەتییەکانی خۆیدا لە لە بەشی پێشبڕکێی "فیلمە نیوە بڵیندەکان" لە هەژدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی دیکۆمێنتاری "بیگ ئسکای" لە وڵاتی ئەمریکا بە ناونیشانی یەکێک لە ڕوداوە گرینگەکانی سینەمای بەڵگەفیلمی جیهان، لە بەشی پێشبڕکێی "ڤیترینی جیهان"  لە بیست و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی "هات داکس" لە شاری تۆڕێنتۆ لە وڵاتی کەنەدا فێستیڤاڵی جێگای متمانەی ئاکادیمیای ئۆسکار، لە بەشی "پێشبڕکێی سەرەکی" شەست و نۆیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ترێنتۆ" لە وڵاتی ئیتاڵیا و هەروەها لە بەشی فەرمی "پێشبڕکێی ئاسیا" لە سێزدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەڵگەفیلمی "دیمز" DMZ وەکو گرینگترین فێستیڤاڵی فیلمی دیکۆمێنتاریی ئاسیا لە وڵاتی کۆریای باشور نمایش کراوە.

ئەم بەرهەمە دیکۆمێنتارییە، تا ئێستا خەڵاتی ڕێزلێنانی تایبەتی ئەندامانی لیژنەی دادوەرانی خەڵاتی سەرەکی "ئەو فیلمانەی کە گرینگیان هەیە" The Movies That Matter Award لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی نێونەتەوەیی حەڤەمین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی "زاگڕێب داکس" ZagrebDox لە وڵاتی کڕۆواسیا، خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلم لە بەشی "پێشبڕکێی سەرەکی" بیست و چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دینی ئەمڕۆ" Religion Today لە شاری تڕێنتۆ لە وڵاتی ئیتاڵیا، خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی قوتابیان لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی "ئۆلجۆ" Ulju لە وڵاتی کۆریای باشور.

فیلمه‌كه‌ هه‌روه‌ها خەڵاتی گەورەی بەشی "پێشبڕکێی سەرەکی" دوازدەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی کوردی "لەندەن" بە ناونیشانی سینەماکاری کورد "مێهمێت ئاکسوێ" Mehmet Aksoy یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەم فێستیڤاڵەی وڵاتی بریتانیا و هەروەها خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلم لە بەشی پێشبڕکێی "بەڵگەفیلمەکانی سینەمای کوردی" لە هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی "دهۆک" Duhok لە هەرێمی کوردستانی بەدەستهێناوە.

دوەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" بە بەرپرسیاریی گولیزەر گەردەن زەری Gulizer Gerdenzeri، بە مەبەستی ڕەنگدانەوەی فەرهەنگ و مێژوی کوردەکان و هەروەها ژیانی مۆدێڕنی ئەم نەتەوەیە، بە چاودێری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە نمایشی 54 فیلمی بڵندی سینەمایی، بەڵگەفیلم و کورتە فیلم لە سینەماکارانی 8 وڵاتی جیهان و هەروەها بە پشتیوانی کارۆ ئاڕت لە هۆڵەکانی ناوەندی سینەمایی "ئۆکتیابر" و لە شاری مۆسکۆ و لە سینەما KARO 11 Ohta لە شاری سەن پتێرزبورگ لە وڵاتی ڕوسیا بەڕێوەچو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×