ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران: واژۆ کۆدەکەینەوە بۆ قەدەغەکردنی هاورەگەزخوازی
  2022-07-25       542       

ئەندامێکى ئەنجومەنی نوێنەرانى عێراق رایگەیاند، واژۆ کۆدەکەنەوە بۆ ئامادەکردنی پێشنیازەیاسایەک بۆ قەدەغەکردنى هاوڕەگەزخوازى لە عێراق. دەشڵێت، "بڕواناکەم هیچ پەرلەمانتارێک هەبێت دەنگ بەو پێشنیازەیاسایە نەدات."
 
ئاوێنە: ئەمرۆ دووشەممە 25ـی 7ـی 2022، عارف حەمامى، "ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق  رووداوى راگەیاند, گفتوگۆ لەناو ئەندامانى لیژنەى یاسایی کراوە بۆ ئەوەى لەگەڵ دەستپێکردنی کۆبوونەوەکانى وەرزى دووەمى یاسادانانى پەرلەمانى عێراق واژۆ کۆبکەینەوە بۆ گەڵاڵەکردنى پێشنیازەیاسایەک بۆ قەدەغەکردنى هاوڕەگەزخوازى لە عێراق."
 
ئەو ئەندامە ئاماژەی بەوەشکردووە، "هۆکارى ئەو هەنگاوە دوورخستنەوەى عێراقە لەو دیاردەیە کە نامۆیە بە کۆمەڵگە و لە هەندێک لە کۆمەڵگەکانى جیهاندا هەیە." 
 
هەروەها جەختیشی کردووەتەوە لەوەی، "پێناچێت هیچ پەرلەمانتارێک هەبێت کە لەدژى ئەو پێشنیازەیاسایە بێت و دەنگى پێنەدات." 

ئەمە لە کاتێکدایە، دەستووری عیراق لە ماددەی 60ـدا باسی لەوە کردووە، 10 پەرلەمانتار دەتوانن واژۆ کۆبکەنەوە بۆ گەڵاڵەکردنى پێشنیازەیاسایەک لەناو پەرلەمان بەمەبەستى تاوتوێ و پەسەندکردنى.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×