مەكتەبی سیاسی یەكێتی "دەستخۆشی" لە چوارچێوەی هەماهەنگی دەكات بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران
  2022-07-25       366       

مەكتەبی سیاسی یەكێتی "دەستخۆشی" لە چوارچێوەی هەماهەنگی دەكات و دەڵێت، بە كاندیدكردنی محەمەد شیاع سودانی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران "هەنگاوێكی گرنگیان نا لە رێی بەگوڕكردنی پڕۆسەی سیاسی."

ئاوێنە: مەكتەبی سیاسی یەكێتی، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"دەستخۆشی لە بەڕێزانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکەین کە بە کاندیدکردنی بەڕێز محەمەد شەیاع ئەلسودانی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی داھاتو ھەنگاوێکی گرنگیان نا لەڕێی بەگوڕکردنی پرۆسەی سیاسی لە وڵاتدا."

وتوشیەتی"هیوادارین ئەم هەنگاوە رێكارە یاسایی و دەستورییەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێ خێراتر بكات."

جەختیشی كردۆتەوە كە "‎یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وێڕای پێشوازی لەو بڕیارە، جەخت لە پتەوكردنی هەماهەنگی و بەردەوامیی پەیوەندییە نیشتمانییەكان دەكاتەوە لەپێناو سەرخستنی پرۆسەی چاكسازی و پێكهێنانی حكومەتێكی نیشتمانیی خزمەتگوزار كە ببێتە مایەی سەقامگیری، بەهێزكردنی پایەكانی دەوڵەتداری، خزمەتكردنی زیاتری خەڵك و پاراستنی مافە نەتەوەیی و دەستورییەكانی گەلی كورد و عێراق و قوڵكردنەوەی گیانی تەبایی و ئاشتەوایی لەنێوان هەمو نەتەوە و پێكهاتەكان."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×