وتەبێژی سەربازی کەتیبەکانی حزبوڵای عێراق دەڵێت، "گروپە تاوانکارییەکان هەوڵ دەدەن کاغەزەکان تێکەڵ بکەن لەڕێگەی هێرشەکانیان و نانەوەی فیتنە لەڕێگەی هێرشە موشەکییە گوماناوییەکەی کە ئەمشەو کێڵگەی غازی کۆرمۆری لە چەمچەماڵ کردە ئامانج.
ئاوێنه: جەعفەر حسێنی، وتەبێژی کەتیبەکانی حزبوڵا لە کورتە پەیامێکدا (26ی تەموزی 2022) دەڵێت، "لەسەر حکومەتی کاربەڕێکەر و هێزە ئەمنییەکان پێویستە ڕژد بن لە ئەرکەکانیان بۆ ئەو پێشهاتە ئەمنییە و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گروپانە و سزادانیان."
حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هێرشکردنەوە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر کە ئەمڕۆ "لە لایەن میلیشیا و گرووپە چەکدارەکانی دەرەوی یاسا ئەنجام درایەوە بە توندترین شێوە شەرمەزار دەکەین."
جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا (25ی تەموزی 2022) دەڵێت، "داوا لە حکومەتی فیدرال دەکەین ، ڕێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ سنووردانان و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشە تیرۆریستیانە ، ئامانجی ئەو دەستدرێژییانەش کە چەندین جارە دووبارە دەبنەوە، تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی هەموو عێراق و گەشەپێدانی ئابووری هەرێمی کوردستانە ."
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی ھێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، ھێرشەکە کاریگەریی لەسەر پرۆسەی بەرھەمھێنانی گازی سروشتی نەبووە و دەشڵێت، بەرپرسیارێتی ئەم ھێرشانەش لە ئەستۆی ئەو لایەنانەیە کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان سامانی گەلی کوردستان دەکرێتە ئامانج.
وەزارەتەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، "کاتژمێر 7:55ی ئێوارەی ئەمڕۆ (25ی تەموزی 2022) هێڕشی موشەکی کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، بەڵام خۆشبەختانە هیچ زیانی گیانی نەبووە و کاریگەریشی لەسەر پرۆسەی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی نەبووە."
دەشڵێت، "لە ماوەی مانگی حوزەیران و تەموزی ئەمساڵ، بۆ جاری چوارەمە هێڕش دەکرێتە سەر کێڵگەی کۆرمۆر."
جەختیکردووەتەوە کە "وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بە توندی ئەم هێرشە شەرمەزار دەکات کە چەندین جارە ژێرخانی مەدەنیی هەرێمی کوردستان دەکرێتە ئامانجی هێڕشی مووشەکیی گرووپە چەکدارەکانی لە یاسا دەرچوو."
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە "کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان سامانی خەڵکی هەرێمی کوردستانن، هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر دامەزراو و ژێرخانە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە ئامانجگرتنی راستەوخۆی خەڵکی کوردستانە و بە هیچ شێوەیەک قابیلی قبووڵ نییە و بەرپرسیارێتی ئەم هێرشانەش لە ئەستۆی ئەو لایەنانەیە کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان سامانی گەلی کوردستان دەکرێتە ئامانج."