قه‌یس خه‌ز عه‌لی: ئێمە قەرزاری یەکێتین
  2022-07-26       530       

ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەھلی حەق لە میانی بەشداریکردنی لە سپەیسێکی تویتەر باسی لە کۆمەڵێک بابەت کرد، راشیگه‌یاند، "ئێمە قەرزاری یەکێتین".
 
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەھلی حەق شەوی رابردوو (دووشەممە 25ی ته‌مموزی 2022) لە سپەیسێکی تویتەر کە لەلایەن گرووپێکی حەشدی شەعبییەوە رێکخرابوو، لەبارەی هەڵبژاردنی محەممەد شیاع سوودانی، کە وەک كاندید بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دەستنیشانکراوە وتی: "کەشوهەوایەکی برایانە بوو، پێش ئەوەی سوودانی بگاتە کۆبوونەوەکە ئێمە بە کۆی دەنگ هەڵمان بژارد، ئەوەی ئیشەکەی ئاسان کرد سەید عەممار حەکیم و حاجی هادی عامری بوو کە خۆی کشاندەوە بۆ ئەو پۆستە هەروەها كاندیدی رێکخراوی بەدریش برامان قاسم ئەعرەجییش کشایەوە".
 
خەزعەلی دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیرانی پێش سەرۆک کۆمار بە دەستکەوتزانی و وتی: "راستە ئێمە ماوەی دەستووریمان زۆر تێپەڕاندووە، بەڵام سوپاس بۆ خوای گەورە پێش دەستنیشانکردنی سەرۆک کۆمار سەرۆک وەزیرانمان دیاریکرد، نەوەک بڵێن ئێمە لە سەر چوارچێوەی هاوئاهەنگی بووەستین، ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی برایانمان لە کورد تا بەزووترین کات ئەو پرسە یەکلابکەنەوە".
 
لەبارەی دەستێوەردانی ئێرانییەکانیش قەیس عەلی خەزعەلی، ئاماژەی بەوەدا کە، "ئێرانییەکان پێیان وتین کە ئەوان لەگەڵ ئەوەن کە چوارچێوەی شیعە لە سەری رێکدەکەوێت".
 
خەزعەلی لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار وتی "ئێمە پێمان باش بوو ئەم چوارشەممەیه‌ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بکرێت، بەڵام دەرفەتمان بە برایانی کوردا تا لە سەر یەک كاندید رێکبکەون، بەڵام ئەگەر نەگەیشتنە رێککەوتن بە هەڵبژاردن ئەم پرسە یەکلادەکرێتەوە".
 
لەبارەی دەنگدان بە یەکێک لە كاندیدانی پارتی و یەکێتی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەھلی حەق وتی: "ئێمە هیوادارین بگەنە رێککەوتن، دیاریکردنی سەرۆک وەزیران گوشارێکە لەسەر هەر لایەنێکی کوردی تا لە سەر کەسێک رێکبکەون".
 
خەزعەلی نەیشاردەوە لە ئەگەری دەنگدان بە كاندیدی سه‌رۆك كۆمار وتی "ئێمە قەرزاری یەکێتین، ئەوان لە یەکەم چرکەساتەوە لەگەڵ ئێمە بوون، بۆیە پابەندبوونێکی ئەخلاقی و وەفامان بەرامبەریان هەیە، دەبێت ئێمە دەنگ بەو كاندیده‌ بدەین کە ئەوان دیاری دەکەن جا هەر کەسێک بێت".
 
ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەھلی حەق لەبارەی کێشەکانی ئێستای عیراق و تورکیاوه‌ رایگەیاند: "حکومەتی داهاتووی عیراق ئامادەیە بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێکی ستراتیژی لەگەڵ تورکیا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەنێویاندا بابەتی ئاو و چەکدارانی پەکەکە"، دەشڵێت، "حەشدی شەعبی ئەو هێزەیە کە توانای ئەوەی هەیە رێگری بکات لە هەر گرووپێکی چەکدار کە هێرشبکەنە سەر وڵاتانی دراوسێ".
 
خەزعەلی ئەوەی نەشاردەوە کە "ئێستا داگیرکەری تورکی زۆر لە داگیرکەری ئەمریکی مەترسیدارترە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×