وه‌زیری كاره‌با: رۆژانه‌ نزیكه‌ی 16 كاتژمێر كاره‌با ده‌درێت به‌هاوڵاتیان
  2022-07-26       385       

وەزیری کارەبای هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ رایگەیاند، له‌ئێستادا رۆژانە نزیكه‌ی 16 کاتژمێر کارەبا بە هاوڵاتیان ده‌درێت، تا مانگی (تشرینی یه‌كه‌م/10)ی ئه‌مساڵیش چوار وێستگەی دیکە دەکەونە کار و به‌مه‌ش دەتوانرێت کارەبای زیاتر بۆ هاوڵاتیان دابینبكرێت.

ئاوێنە: کەمال محه‌مه‌د وەزیری کارەبا و وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌كان به‌وه‌كاله‌ت له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ عادل كه‌ریم وه‌زیری كاره‌بای عێراق رایگه‌یاند، هێرشه‌كانی سه‌ر كێڵگه‌ی كۆرمۆر شەرمەزار دەکەن و به‌هیچ جۆرێك ئه‌و هێرشانه‌ جێگەی قبوڵکردن نین، پێویستە لایەنە ئەمنیەکان بەدواداچونی جدی له‌وباره‌یه‌وه‌ بکەن.

وتیشی، "لە سەردانی سەرۆکی حکومەت بۆ بەغدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری نەوتی عێراق گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە کراوە ه‌تایبه‌ت پاراستنی ئاسایشی ئەو كێڵگه‌ نه‌وتی و غازیه‌كان، بەرپرسیارێتی حکومەتی عێراقە كه‌ بەدواداچون بۆ ئەم هێرشانە بکات و کۆنتڕۆڵی ئەم کردارانە بکات".

سه‌باره‌ت به‌ پرسی نەوت وەزیری سامانە سروشتیەکان بە وەکالەت  باسی له‌وه‌كرد، "ئێمە بەپێی دەستور هەرێمێکی فیدڕاڵین لە ناو عێراقدا له‌و چوارچێوه‌شدا کارەکانی خۆمان ئەنجام دەدەین بە پێی یاسای 22ی ساڵی 2007 پرۆژە و گرێبەستەکانمان ئەنجامداوە و بەردەوامیش دەبین تا ئەوکاتەی کە یاسای نەوت و گاز پەسەند دەکرێت و دەبێتە چارەسەرێکی ریشەی بۆ ئەو کێشانە".

وتیشی، "لەگەڵ حکومەتی عێراق گفتوگۆ کراوە سەبارەت بە دامەزراندنی کۆمپانیای کۆمۆ و (KROC) ئێمە هیچ لاریمان نیە سەبارەت بە دامەزراندنی ئەو کۆمپانیایانە، به‌ڵام بەو مەرجەی خاوەنداری ئەو کۆمپانیایانە لە دەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت و حکومەتی عێراق تەنها  چاودێر بێت بەسەر کارەکانیه‌وه‌".

سه‌باره‌ت به‌ پێدانی كاره‌با به‌هاوڵاتیان، کەمال محه‌مه‌د ئاماژەی بەوەکرد، "ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی 2021 کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتیمانی زیادی کردوە و لە ئێستادا نزیکەی 14-16 کاتژمێر کارەبا بە هاوڵاتیان دەدرێت، تا مانگی (تشرینی یەکەم/10)ی ئەمساڵیش چوار وێستگەی دیکەی بەرهەمهێنانی کارەبا دەکەونە کار کە به‌كه‌وتنه‌كاری ئەو وێستگانەش دەتوانرێت بڕێکی زیاتری کارەبا بۆ هاوڵاتیان دابینبکرێت".

هەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانیەدا، وه‌زیری كاره‌بای عێراق رایگەیاند، "لەکۆنگرەی جەدە دو گرێبەستمان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و سعودیە واژۆکرد بۆ بەستنەوەی تۆڕی کارەبای عێراق بە وڵاتانی کەنداوەوە".

عادل کەریم باسی لەوەشکرد، جێبەجێکردنی گرێبەستەکان نزیکەی دو ساڵ و نیو دەخایەنێت و بە دو قۆناغ سیستمی کارەبای عێراق بە وڵاتانی کەنداو دەبەسترێته‌وه‌، لە ئێستاشدا کۆمپانیا راوێژکارییەکان دەستیان بە کارەکانیان کردوه‌، لە کاتی بەستنەوەی هێڵه‌كه‌ش له‌و كاره‌بایه‌ی کە لە وڵاتانی کەنداو و سعودیەوە هاورده‌ی دەکەین پشکی هەرێمی کوردستانیش ده‌درێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×