وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایدهگهیهنێت، کە تا ئێستا 300 خێزانی ئاوارە لە کەمپی جهدعە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان 26 کەمپی ئاوارەکانیش لە ھەرێمی کوردستان ماوەن و ھێشتا دانەخراون.
ئاوێنه: ئهمڕۆ سێ شهممه 26 ی تهموزی 2022 کەریم نووری، بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوە كرد، کەمپی جهدعە بەسەر ھەردوو کەمپی جهدعەی یەک و جهدعەی دوو دابەشکراوە، بهشی یهكهمی خێزانە ئاوارە گەڕاوەکانی کەمپی ھۆل تیایدا نیشتەجێن، کە ژمارەیان 603 خێزانە.
باسی لهوهش كرد، دوای تەواوبوونی وردبینی ئەمنیی و بە ھەماھەنگیی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، 300 خێزانی ئاوارەی نیشتەجێی کەمپی جهدعە گەڕاوەنەتەوە زێدی خۆیان.
ئاماژەی بەوەش كرد، ئەرکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی تەنیا پێشکەشکردنی یارمەتی مرۆیی و دابینکردنی شوێنی نیشتەجێکردنی ئاوارەکانە و ھیچ پەیوەندی بە رێوشوێنەکان و وردبینییه ئەمنییەکانی خێزانە ئاوارەکانەوە نییە، نیازیشمان ھەیە دۆسیەی ئاوارەکان دابخەین.
ههروهها وتیشی ، لە کابینەی ئێستادا بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی، 50 کەمپی ئاوارەکان داخراون و تەنیا 26 کەمپی ئاوارە لە ھەرێمی کوردستان ماون و ھێشتا دانەخراون.
ئهوهشی خستهروو، لە ئێستادا 70 ھەزار ئاوارە لە کەمپی ھۆل لە سووریا نیشتەجێن، کە 29 ھەزاریان عێراقیین.
لە ماوەکانی رابردوودا زیاتر لە 600 خێزانی ئاوارەی عێراقی، کە زۆربەیان ژن و منداڵن لە کەمپی ھۆلەوە لە سووریا گەڕێندراونەوە عێراق و لە کەمپی جهدعەی باشووری پارێزگای نەینەوا نیشتەجێکراون.