دەمیرتاش: بەنایاسایی لە زینداندا هێڵدراومەتەوە
  2022-07-26       396       

هاوسەرۆکی پێشوتری پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە)، ئەمڕۆ سێشەممە، لەمیانی بەڕێوەچونی دانیشتنێكی دیكەی دادگاییكردنیدا ڕایگەیاند، بەشیوەیەکی نایاسایی لە زینداندا هێڵدراوەتەوە. دەشڵێت، هەڵبژاردن نزیک دەبێتەوە و دەیانەوێت جارێکی تر ماندومان بکەن.

ئاوێنە: سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشوتری پارتی دیموکراتی گەلان، لە دانیشتنی کەیسی کۆبانێ لە ڕیگەی سیستەمی ڤیدیۆوە بەشداری کردو وتی: سەبارەت بە ڕوداوەکانی کۆبانی سنوری دەستبەسەرکردنم تێپەڕاندوە، زۆرترین ماوەی دەستبەسەرکردن لە دادگاکانی تاوانی یەکەم ١٨ مانگە، بەڵام ئێمە هێشتا لە ناو زیندانین.

هاوسەرۆکی پێشوتری هەدەپە باسی لەوەکرد، لە دوای ٢٠ مانگ مانەوەی لە زیندان ناڕەزایەتی دەربڕیوە، بەڵام دۆسیەکەیان لەسەر کردوە بە دۆسیەی ئەندامبون لە ڕێکخراوی "تیرۆریستی."

وتیشی، لەلایەک گوایە ئێمە پارەمان بۆ قەندیل ناردوە، لەلایەکی دیکەشەوە گوایە قەندیل پارەی بۆ ئێمە ناردوە، لێپێچینەوەمان لەگەڵ دەکرێت.

دەمیرتاش هۆکاری ئەو درۆیانەی ئاشکراکردو وتی: هەڵبژاردن نزیک دەبێتەوە و دەیانەوێت جارێکی تر ماندومان بکەن، ئەوان بە دانانی وێنەی من و بایک لە تەنیشت یەکەوە، تێڕوانینێک دژی من دروست دەکەن. ئەوان دەزانن ئەوەی نوسیویانە درۆیە، بەڵام گرنگی بە ڕاستی نادەن. ئەم هێرشانە بەردەوام دەبن لەگەڵ هەنگاونانمان بەرەو هەڵبژاردن.

بەهۆی ناڕەزایی دەربڕین دژی هێرشەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ لە ٦-٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤، هاوسەرۆکانی پێشوتری هەدەپە و ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی هەدەپە  لە ساڵی ٢٠١٦دا دەستگیرکران و دۆسیەیەكیان لەدادگا بەناوی دۆسیەی كۆبانی بۆ كراوەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×