فوئاد حسێن هێرشده‌كاته‌ سه‌ر توركیاو به‌دوژمن ناوى ده‌بات
  2022-07-27       383       

وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق هێرشى توند ده‌كاته‌سه‌ر توركیاو دەستدرێژییەکانی ئه‌و وڵاته‌شى بەدوژمنکارییەکی سەربازیی بۆ سەر سەروەری عێراق‌و ھەڕەشە بۆ سەر ئاشتی‌و ئاسایشی ھەرێمی‌و نێودەوڵەتی ناوبرد، داواش له‌ئه‌نجومه‌نى ئاسایش ده‌كات به‌بڕیارێك توركیا ناچار به‌كشانه‌وه‌ له‌خاكى عێراق بكات.

ئاوێنە: داوای عێراق، ئەنجومەنی ئاسایش بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بەھێرشەکانی تورکیا کۆبووەوەو د.فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراقیش داوای لەئەنجومەنه‌كه‌ کرد بڕیارێک دەربکات بۆ ناچارکردنی تورکیا بەکشاندنەوەی ھێزەکانی لەخاکی وڵاتەکەی.

وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق وتیشى:"دەستدرێژییەکانی تورکیا دوژمنکاریی سەربازیه‌ بۆسەر سەروەری عێراق‌و ھەڕەشەشه‌ بۆ سەر ئاشتی‌و ئاسایشی ھەرێمی‌و نێودەوڵەتی".

ئه‌وه‌شى وت:"296 یاداشتی ناڕەزاییان لەسەر پێشێلکارییەکان ئاراستەی تورکیا کردووەو داوای لەئەنجومەنی ئاسایش کرد لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی سەربەخۆ بۆ دەستدرێژییەکە پێکبھێنێت‌و بەبڕیارێکیش تورکیا ناچاربکات ھێزەکانی لەوڵاتەکەی بکشێنێتەوە".

هه‌ر له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشدا جینین پلاسخارت نێردەی تایبەتی ئەمینداری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان له‌عێراق ڕاپۆرتێکی سەبارەت بەتۆپبارانەکەی ڕۆژى 20ی ئەم مانگەی تورکیا بۆ سەر زاخۆ پێشکەشکردو وتى:"ئەوجۆرە ھێرشانە دەبێتە مایەی زیادکردنی ئاڵۆزیی ھەرێمییەکان‌و کارەساتە مرۆییەکان".

جەختیشیکردەوە، "عێراق دژی ئەو بیرۆکانەیە کە پێیوایە وەک گۆڕەپانی ململانێ دەرەکیی‌و ھەرێمییەکان مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت".

دواى وته‌كانى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق، ئۆنسو کیشیلی جێگری نوێنەری تورکیا لەئەنجومەنی ئاسایش وه‌ڵامیدایه‌وه‌و وتى:"توركیا لەسەرەتاوە ئامادەیی پیشانداوە بۆ گرتنەبەری ھەموو ڕێوشوێنێک بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان".

ته‌ئكیدیكرده‌وه‌، "جاری یەکەم نییە ھەڵمەتی شێواندن لەدژی توركیا ئەنجامدەدرێت، توركیا بەردەوام پشتیوانی سەربەخۆیی‌و سەروەری گەشەپێدانی عێراقە، ھەر بانگەشەیەکی پێچەوانەی ڕاستییەکانیش، نیازێکی باش نییە، بۆیه‌ ئێمه‌ ڕه‌تیده‌كه‌ینه‌وه‌ سوپای وڵاتەکەمان تۆپبارانی ھاوڵاتیانی عێراقی کردبێت".

له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ د.فوئاد حسێن ته‌ئكیدیكرده‌وه‌، "حکومەتی عێراق لێکۆڵینەوەی وردى لەڕوداوە کردو بۆی ڕونبۆوه‌ کە سوپای تورکیا هێرشەکەی ئەنجامداوە، ئەوەی تورکیا دەیکات داگیرکارییە بۆسەر سەروەری‌و ئاسایشی عێراق؛ هەروەها هەڕەشەیە بۆسەر یەکگرتوویی خاکەکەیی‌و پێشێلکارییە بۆسەر ئاسایشی هەرێمایەتی‌و نێودەوڵەتیش".

باسى له‌به‌رده‌وامى هێرشه‌كانى توركیا بۆسه‌ر هه‌رێمى كوردستان كردو وتى:"ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لەماوەی چەندین ساڵی ڕابردودا زیانی گەورەیان بەهاوڵاتییانی هەرێم‌و عێراق گەیاندووە، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ داواده‌كه‌ین، دەبێت ڕێککەوتنێک بکرێت‌و لەسەر بنچینەی ئەو ڕێککەوتنە، تورکیا تەواوی هێزەکانی لەخاکی عێراق بباتە دەرەوە، ئیدی لەهەر شوێنێکی هەرێمی کوردستان‌و عێراق بن، بۆ ئه‌وه‌ش عێراق ئامادەیە لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان‌و وڵاتانی دیکەش کاربکات تاوەکو میکانیزمێک بدۆزرێتەوەو لەسەر ئەو بنچینەیەش پەکەکە لەنێو خاکی وڵاتەکەی نەمێنێت".

هه‌روه‌ك په‌یامێكیشى له‌ڕێگه‌ى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشه‌وه‌ ئاراسته‌ى ئه‌نكه‌ره‌ كردو وتى:"دەبێت حکومەتی تورکیا قەرەبوی ئەو زیانانە بکاتەوە کە بەر خەڵک کەوتون".

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئێران لە رێگەی روسیاوە: ئیسرائیل نامانەوێت دۆخەکە ئاڵۆزتر بکەین
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×