لە سنوری بانە كۆڵبەرێك كوژراو چواری دیكەش برینداربون
  2022-07-27       429       

رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزە چەكدارەكانی ئێران لە سنوری شاری بانەی رۆژهەڵاتی كوردستان تەقەیان لە ژمارەیەك كۆڵبەر كردوەو لە ئاكامدا كۆڵبەرێك كوژراوەو چوار كۆڵبەری دیكەش برینداربون.

ئاوێنە: رێكخراوەكە، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنوری "سەرتەزێن"ی شاری بانە کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردوەو لە ئاکامی ئەو دەستڕێژەدا کۆڵبەرێک بە ناوی "شێرکۆ چاوشینین تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی گوندی "ورچەک"ی بانە کوژراوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، "شێرکۆ چاوشینی" خێزاندار و باوکی منداڵێکە.

ئاماژەی بەوەشداوە كە لە ئاکامی ئەو دەستڕێژەدا ٤ کۆڵبەری دیکە بە ناوەکانی بێهزاد خەڵکی مەریوان، محەمەد خەڵکی سەقز، هەژار خەڵکی بانەو دانا شەعبانی خەڵکی بانە، فیشەك بەر قاچیان كەوتوەو بریندار بون.

هەنگاو زانیویەتی کە هێزە چەکدارەکان بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێك ڕێگرییان کردوە لە چونی ئەمبوڵانس بۆ شوێنی تەقە کردنەکە.

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندوە کە ئەو چوار کۆڵبەرەی قاچیان پێکراوە، ئێستا لە نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیوبی شاری بانە لەژێر چاودێریی پزیشکیدان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×