مەلا بەختیار: كۆبونەوەیەكی باڵای نێوان یەكێتی و پارتی پێویستە
  2022-07-27       521       

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی دەڵیت: کۆبونەوەیەکی بە پەلە لەنێوان یەکێتی و پارتی "بە "ئامادەبونی سەرۆكەكان پێویستە."

ئاوێنە: مەلا بەختیار، ئەمشەو چوارشەممە، لەدوای خۆپیشاندانەكانی ئێوارەی ئەمڕۆی لایەنگرانی سەدر لە بەغدا، لە پەیامێكدا وتویەتی"هەروەکو چاوەڕوانمان دەکرد، لەبەغدادی پایتەختی عیراق، قڵیشایەوە. پێناچێ بەئاسانی ئەمشێوە راپەڕینە، دابمرکێتەوە. ئەگەرەکانی روداوەکە، لەوپەڕی مەترسییەوە، هەتا زو قبوڵکردنی داخوازییەکانی سەدرییەکان، لەئارادایە."

بە بڕوای مەلا بەختیار "ئەم کێشەیە، زۆرتر لەناو هێزە شیعەکان و شەقامی ناڕازیی بەغداد و پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارودایە. بۆ ئەوەی ئەگەرە مەترسیدارەکان لەسەر کورد نەشکێتەوە، داواو تکام وایە، کۆبونەوەیەکی باڵای یەکێتی و پارتی، بەئامادەبونی بەڕێزان سەرۆکی هەردولا و د.بەرهەم ساڵح و سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی بکرێ.. بۆ ئەوەی، کوردستان و هێزە سیاسییەکانی وەکو بەشێکی چارەسەری کێشەکان، تەرحیان هەبێ."

ئاماژەی بەوەشداوە كە "شەرەفێکی سیاسی گەورەیە، لەم دۆخەدا، کورد، بەهەمو هێزە سیاسییەکانییەوە، بەتایبەتی ئەوانەی لە پەرلەمانی عیراقدان، تواناو سیاسەت و بۆچونە هاوبەشەکانیان، یەکبخەن."

وتوشیەتی"تکایە.. سەرۆک و سکرتێرەکان، گەورەیی بنوێنن و لەبەر رۆشنایی دۆخی ئێستا، هەنگاو هەڵبهێنن. هەتا ئەم خۆپیشاندانانە دەستیپێکرد، یەکێتی و پارتی قسەی خۆیان بردەسەر، ئێستا کاتی هاتوە، قسەکانتان یەکبخەن و بڕیاری هاوبەش و هاوچارەنوس بدەن."

مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەداوە "ناشبێ وا بیربکرێتەوە، کە دۆخی بەغداد، کاریگەری لەسەر کوردستان و ناوچە کێشە لەسەرەکان نابێ.. نەخێر، بە دڵنییاییەوە، هەمو ئەگەرێک لەکوردستانیش، لەباش و خراپ، لەبەردەمماندایە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×