قەرەیلان: ئێستا دەرفەتە بۆ حكومەتی هەرێم و پارتی هەڵوێستی نوێیان بەرامبەر توركیا هەبێت
  2022-07-28       860       

موراد قەرەیلان ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پەكەكە دەڵێت: "ئێستا دەرفەتە بۆ حكومەتی هەرێم و پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵوێستێكی نوێ بەرامبەر هەژموونی باڵادەستی و دەستدرێژییەكانی توركیا بگرنەبەر،و ئەگەر بیانەوێت دەرفەتیان بۆ ڕەخساوە".

راشیگەیاند: "دەكرێت هەم هەڵوێستی نەتەوەیی كوردستانی و هەم  عێراقیش پەرەی پێ بدرێت، و هاوكات دەتوانن دەستكەوتی نوێ بەدەست بهێنن".

رونیشیكردەوە: "بەشێك لە سیاسەتی باشوری كوردستان  پێشتریش خاوەن هەڵوێست بوون، بەڵام ئەوانەی تا ئێستا هەڵوێستی خۆیان دەرنەبڕیوەو ئەوانەشی هاوكارییان دەكەن، دەتوانن دووبارە هەڵوێستی نوێ نیشان بدەن، چونكە ئەوە شتێك دەكرێت،و لە هەمان كاتدا هیواش هەیە، كە ئەم سیاسەتە بگرنەبەر و دەستكەوتی نوێ بەدەست بهێنین، ئێمە هیوادارین لەم چوارچێوەیەدا پێشكەوتن ڕووبدات".

موراد قەرەیلان، لە دیدارێكیدا لەگەڵ میدیاكانی سەر بە پەكەكە تیشكیخستەسەر هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا بۆسەر خاكی عێراق، رایگەیاند: "لەبارەی بوونی سوپای توركیا لەسەر خاكی عێراق ، زۆربەی بڕیارەكانی بەرپرسانی دەوڵەتی عێراق لەسەر ئەم بابەتە ڕاستن، بەڵام ئەو ژمارانەی دەیدەن كەمێك كەمترن لەوەی هەیە، ڕەنگە زانیارییەكانیان تەواو نەبێت، لە ڕاستیدا ژمارەی ئەو خاڵە سەربازیانەی دەوڵەتی توركیا، كە لە باشووری كوردستان دروستكراون نزیكەی ١٠٠ خاڵن، بەڵام ژمارەی ئەو سەربازانەی لەسەر خاكی عێراق جێگیركراون و چالاكن، بەلانیكەمەوە ٣٠ هەزار سەربازن"، و وتیشی: "سوپای توركیا لە ماوەی سێ مانگدا زیاتر لە سێ هەزار هێرشی ئاسمانی بۆ سەر خاكی عێراق ئەنجامداوەو دوو هەزار و ٥٧٤ جاریش بۆردومانی خاكی عێراقی كردووە".

دوێنی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كۆبونەوەیەكی سەبارەت بە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ناوچە گەشتیارییەكەی پارێزگای دهۆك ئەنجامداو تیایدا وەزیری دەرەوەی عێراق راپۆرتێكی سەبارەت بە دەستدرێژیەكانی توركیا پێشكەش كردو داوای كرد توركیا خاكی عێراق جێبهێڵێت، هەر لە كۆبونەوەكەدا جینین پلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق ڕایگەیاند: "هێرشەكەی توركیا بۆسەر زاخۆ، كە بە ناوچەیەكی گەشتیاری ناسراوە، بێ باكییەكی شۆكهێنەرە بۆ گیانی خەڵكی سڤیل".  
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×