لایەنگرانی سەدر چەند نوسینگەیەكی رەوتی حیكمە لە بەغداو بەسرە دادەخەن
  2022-07-29       831       

دوای وتارەكەی ئەمڕۆی عەمار حەكیم، سەرۆكی رەوتی حیكمە كە تێیدا باسی لە پێكهێنانی حكومەت و خۆپیشاندانەكانی لایەنگرانی سەدر كرد، لایەنگرانی رەوتی سەدر هەڵیانكوتایە سەر چەند نوسینگەیەكی رەوتی حیكمە لە بەغداو بەسرەو دایانخستن.

ئاوێنە: بەپێی میدیا عێراقییەكان، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە بەشێك لە لایەنگرانی سەدر لە بەغداو بەسرە چونەتە سەر چەند نوسینگەیەكی رەوتی حیكمەو دایانخستون.

هەروەها نوسینگەی كەناڵی "فوڕات"یشیان لە بەسرە داخستوە كە ئەو كەناڵە سەر بە رەوتی حیكمەیە.

بەپێی میدیا عێراقییەكان، وتارەكەی ئەمڕۆی عەمار حەكیم، سەرۆكی رەوتی حیكمە كە لەنێو لایەنگرانیدا لە بەغدا پێشكەشی كرد، لایەنگرانی رەوتی سەدری توڕە كردوە.

ئەمڕۆ هەینی عەمار حەكیم لە وتەكەیدا ئاماژەی بەوەداوە كە دەستەوەستان نابن بەرامبەر "دەنگەكانی فیتنەو تێوەگلانی گەنجان لە پشێوی" و جەختیشی كردەوە كە محەمەد شیاع سودانی، بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە وەك كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران دیاریكراوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە لایەنگرانی سەدر لە خۆپیشاندانەكانیاندا داوادەكەن محەمەد شیاع سودانی وەك كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران بكشێنرێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×