مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌گه‌ر نیازی باش هه‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردن، كێشه‌ی نه‌وت و غاز و بودجه و كێشه‌كانی دیكه هه‌موویان شیاوی چاره‌سه‌ركردنن.
ئاوێنه: مه‌سعود بارزانی له‌مه‌راسیمی پێشوازیكردن له‌روفاتی 100 ئه‌نفالكراوی بارزانییه‌كان وته‌یه‌كی پێشكه‌شكردو ڕایگه‌یاند، "راسته كێشه هه‌یه، بونی كێشه سروشتییه، هیچ كێشه‌یه‌ك نییه چاره‌سه‌ری نه‌بێت، ئه‌گه‌ر نیازی باش هه‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردن، كێشه‌ی نه‌وت و غاز و بودجه و كێشه‌كانی دیكه هه‌موویان شیاوی چاره‌سه‌ركردنن، به‌ڵام به‌تێڕوانینی من كێشه‌ی بنه‌ڕه‌تی و مه‌ترسیدار بونی ئه‌و كولتوره‌یه كه ئه‌و تاوانانه به‌رهه‌م ده‌هێنێت. پێویسته ئه‌و كولتوره ریشه‌كێش بكرێت."
له‌باره‌ی ره‌وشی ئێستای عێراقه‌وه مه‌سعود بارزانی وتی، "ئێمه زۆر نیگه‌رانین له‌و قه‌یرانه‌ی ئێستا عێراق تێیدایه. له دوای رووخانی رژێم سوود له ده‌رفه‌ته‌كه وه‌رنه‌گیرا و ده‌ستوور به‌لاوه نرا و هۆكاری كێشه‌كان چاره‌سه‌ر نه‌كرا و مامه‌ڵه‌ی هه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌نجامه‌كان كرا، خه‌ڵكی عێراق به گشتیی، ئه‌وه‌نده ئازاریان چێشتووه، شیاوی ئه‌م ژیانه نین، ئێستا تێیدان. ئومێده‌وارین هه‌موو لایه‌ك هه‌ست به به‌رپرسیارێتی بكه‌ن و به نیازێكی پاك و ئیراده‌یه‌كی پۆڵایین ئه‌م قه‌یرانه كۆتایی بێت و جارێكی دیكه ئه‌م جۆره كاره‌ساته نه‌بینینه‌وه."
وتیشی، 39 ساڵ به‌ر له ئه‌مڕۆ رژێمی به‌عس هه‌شت هه‌زار بارزانی راپێچ كرد بۆ بیابانه‌كانی باشووری عێراق و ئه‌و خه‌ڵكه ته‌نیا تاوانیان ئه‌وه‌بوو بارزانی بون. ئه‌مه ئه‌ڵقه‌یه‌كی دیكه‌ی ئه‌و تاوانانه بوو دژی گه‌لی كوردستان كران، وه‌ك ئه‌نفالكردنی دوازده هه‌زار بارزانی و كیمیایبارانكردن و ئه‌نفالی سه‌رتاسه‌ری كه زۆرێك ناوچه‌ی كوردستانی گرته‌وه و سه‌د و هه‌شتا و دوو هه‌زار هاووڵاتی زینده‌به‌چاڵ كران."
مه‌سعود بارزانی ئه‌وه‌شی وت، "تا ئێستا توانراوه ژماره‌یه‌ك له رووفاتی شه‌هیدان بگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام هێشتا زۆریان ماوه، تا رووفاتی یه‌ك شه‌هیدیش مابێت، ئێمه له هه‌وڵی خۆمان به‌رده‌وام ده‌بین."
بارزانی له‌به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا، وتی، پێویسته به هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه نه‌درێت، تاوانی رێژیم ببێته هۆی دژایه‌تی نێوان گه‌لان، رێژیمه‌كان دێن و ده‌ڕۆن، به‌ڵام برایه‌تی گه‌لان ده‌مێنێته‌وه.
ئه‌وه‌شی وت، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و دادگای تاوانه‌كان و په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌و تاوانانه‌ی به جینۆساید ناساند، حكومه‌تی عێراقیان پابه‌ند كردووه به گێڕانه‌وه‌ی رووفاته‌كان و قه‌ره‌بووی كه‌سوكاریان.
سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان جه‌ختیكرده‌وه، "چاوه‌ڕوانیمان له هاوپه‌یمانانمان ئه‌وه بوو هاوكارمان بن، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مێك له خه‌م و ئازاری كه‌سوكاری شه‌هیدان كه‌مبكرێته‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئێمه پێچه‌وانه‌مان بینی. قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی كه‌سوكاری شه‌هیدان، ئه‌ركێكی یاسایی و ئه‌خلاقی حكومه‌تی عێراقه و هیوادارین به‌و ئه‌ركه هه‌ستێت."
ئێواره‌ی ئه‌مرۆ شه‌ممه، روفاتی 100 ئه‌نفالكراوی بارزانییه‌كان گه‌ڕێنرانه‌وه هه‌رێمی كوردستان. بڕیاره سبه‌ی روفاتی هه‌ر 100 ئەنفالکراوی بارزانییەکان لەبارزان بەخاکبسپێردرێن.