بەتۆمەتی بازرگانیکردن بەمرۆڤەوە ژمارەیەک ھاوڵاتی بیانی لەلایەن دادگاکانی ھەرێمی کوردستانەوە حوکم دراون و بەڕێوەبەری تاوانە ڕێکخراوەکانیش دەڵێت، حەوت کەیس یەکلایی کراونەتەوەو تاوانەکانی بازرگانی بەمرۆڤ زیاتر لەلایەن ھاووڵاتیانی بیانییەوە دەکرێن.
ئاوێنه: عەقید دارا فاروق، بەڕێوەبەری تاوانە ڕێکخراوەکانی وەزارەتی ناوخۆ بەماڵپەڕی پارتی ڕاگەیاندووه، "ڕۆژی ٣٠/٧ی ھەموو ساڵێک بەپێی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانییە بە مرۆڤەوە، لەبەر ئەوەی حکوومەتی عێراقیش ئەو یاسا نێودەوڵەتییەی پەسەند کردووە و یاسای بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەرکردووە و لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە بە یاسای ژمارە ٦ ساڵی ٢٠١٨ بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە مرۆڤەوە پەسەند کراوە.''
وتیشی، "شەش نووسینگە لە ھەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە مرۆڤەوە کراونەتەوە و کار بۆ نەھێشتن و سزادانی ئەو کەسانە دەکەن کە بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن.''
عەقید دارا فاروق ڕونیشیکردۆتەوە، "زۆربەی ئەو تاوانانەی تۆمار دەکرێن لە ھەرێمی کوردستان و تایبەتن بە بازرگانی بە مرۆڤەوە، لەلایەن ھاوڵاتی بیانی ئەنجامدراون، نەک ھاوڵاتی عێراقی و ھەرێمی کوردستان، ھەر حاڵەتێک تۆمار کرابێت، ئەوە یەکسەر بەدواداچوونی بۆ کراوە و ڕێکاری یاسایی گیراوەتە بەر و دوای پشتڕاستکردنەوەی ڕەوانەی دادگا کراون بۆ ئەوەی بەپێی یاسا سزا بدرێن، تا ئێستا حەوت کەیس یەکلا کراونەتەوە و لەلایەن دادگای ھەرێمی کوردستان و تاوانبارانەوە سزا دراون بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی بازرگانی بە مرۆڤ.''