رونكردنەوەیەك لە وەزیری پەروەردەی هەرێمەوە بۆ خوێندكارانی پۆلی شەشی زانستی لە كەركوك
  2022-08-02       405       

وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، لەبارەی ئەو كێشەیەی كە ئەمڕۆ لە تاقیكردنەوەی وانەی كیمیای پۆلی شەشی زانستی لە كەركوك رویداوە پەیوەندی لەگەڵ وەزیری پەروەردەی عێراق كردوەو دڵنیایی داوە مافی ئەو خوێندكارانە نافەوتێت كە لەبەر كێشەكە هۆڵەكانی تاقیكردنەوەیان جێهێشتوە.

ئاوێنە: ئەمڕۆ سێشەممە، نزیكەی نیوەی خوێندكارانی خوێندنی كوردیی پۆلی شەشی زانستی لە كەركوك هۆڵەكانی تاقیكردنەوەی وانەی كیمیایان جێهێشت بەهۆی هاتنەوەی پرسیاری "دەركی و تەرككراو."  دواتر وەك ناڕەزاییەتییەك بەشێك لە خوێندكاران و كەسوكاریان لەبەردەم قەڵای كەركوك گردبونەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم لە رونكردنەوەیەكدا بۆ قوتابیانی پۆلی شەشی ئامادەیی و خانەوادەکانیان لە کەرکوک  رایگەیاند"سەبارەت بەو گرفتەی باسی دەکەن لە پرسیارەکانی بابەتی (کیمیا)ی ئەمڕۆ تاقیکردنەوەکانی وەزاری کە لەلایەن لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکانی عێراقی فیدراڵ دانراوە، پەیوەندیم لەگەڵ بەرێز وەزیری پەروەردەی عێراقی فیدراڵ کردوەو دڵنیایی داوە کە مافتان نەفەوتێت، بەرێزیان وتی ئەگەر دڵنیابوینەوە پرسیاریان بۆ هاتۆتەوە لە بابەتە تەرککراوەکان، بە میکانیزمی ئیداری بۆیان چارەسەر دەکەین بە جۆرێک کە مافیان نەفەوتێت."

وەزیری پەروەردەی هەرێم وتوشیەتی"بەرێوەبەرایەتی خوێندی کوردی و یەکەی سەرپەرشتیاری لە خوێندی کوردی لە کەرکوک هیچ پەیوەندییەکیان بە دانانی پرسیارەوە نییە ."

جەختیشی كردۆتەوە كە "بەردەوام دەبین لە بەدواداچون و لەسەر هێڵ دەبم لەگەڵ بەرێز وەزیری پەروەردەی عێراق."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×