"لە بازگایەكی پێشمەرگە لەسنوری كفری بڕی 200 دۆلار لە هەر بارهەڵگرێكی ئاسن وەردەگیرێت"
  2022-08-02       494       

كەریم عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشكرایكرد، لە بازگەیەکی هێزی پێشمەرگە لە سنوری ناحیەی زنانە لە ناوچەی داودەی سەربە قەزای کفری لە هەمو ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگری ئاسن بڕی ٢٠٠ دۆلار بەناوی کۆمپانیایەکەوە وەردەگیرێت.

ئاوێنە: كەریم عەلی، ئەمڕۆ(سێشەممە)، لە راگەیەندراوێكدا ئەوەشی خستۆتەڕو "هیچ بنەمایەکی یاسایی بۆ ئەو كارە نییە و لەلایەکەوە ناشیرینکردنی هێزی پێشمەرگەیەو لەلایەکی دیکەوە ڕێگاکانی سنوری ناوچەی داودە لە داهاتودا تێکدەچێت و هاوڵاتیانی ئەو سنوورە باجەکەی دەدەن، لەلایەکی دیکەوە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی هەلی کار و کاسبی لەسنوری قەزای کفری."

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەشداوە كە هێزەکانی سوپای عێراقی لەئێستادا ڕێگا نادەن بارهەڵگرەکان لە ڕێگای قوڕیچای و کفرییەوە هاتوچۆ بکەن و بارهەڵگرەکان بەناچاری ڕێگای ناوچەی داودە بەکاردەهێنن و لەو ڕێگایەیش پارەیان لێ وەردەگیرێت .

كەریم عەلی جەختی كردۆتەوە كە "هەمو هەوڵێک دەدەین بۆ ڕێگریکردن لەو کارە نایاساییە ."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×