وەزارەتی كاری هەرێم لەبارەی "خەڵاتكردنی یەكێك لە بكوژانی د.هۆشیار" رونكردنەوە دەدات
  2022-08-03       1257       

وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێم رونكردنەوە لەبارەی رێكخستنی ئاهەنگی دەرچون و خەڵاتكردنی دو دەرچوی سزادراو لە چاكسازی هەولێر دەدات كە یەكێك لەوانە بكوژی د. هۆشیار ئیسماعیلە، ئەو مامۆستا ئایینییەی نزیكەی شەش ساڵ لەمەوبەر لە هەولێر كوژرا.

ئاوێنە: وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێم، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە رونكردنەوەیەكدا سەبارەت بە رێكخستنی ئاهەنگی دەرچون بۆ دو سزادراو لە چاكسازی گەورانی هەولێر كە بڕوانامەی بەكالۆریۆسیان بەدەستهێناوەو یەكێكیان بكوژی د.هۆشیار ئیسماعیلەو سزای لەسێدارەدانی هەیە، رایگەیاندوە كە "ڕای گشتی بۆ ئەم بابەتە بەهەڵەدا براوە."

وتوشیەتی"ئێمە وەکو وەزارەت دوپاتی دەکەینەوە کە سەرجەم کارەکانمان خزمەتە بەھەمو چینوتوێژەکان و بەتایبەت لە چاکسازییەکانی سەربە وەزارەتمان کە ناوی خۆی بەخۆیەوەیەتی (چاکسازی) واتە ئەو کەسانەی هەڵە یاخود تاوانێك ئەنجام دەدەن لە کۆمەڵگەدا و دوای وەرگرتنی سزای ئەو تاوانە بەپێی یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان، کە سزادان و دادگاییکردن لەدەسەڵاتی وەزارەتماندا نییە ئەوە ئەرکی دەسەڵاتی دادوەرییە، پاشان جێبەجێ نەکردنی یاسای لە سێدارەدان پەیوەندی بە وەزارەتمانەوە نییە، چەند ساڵێکە لە ھەرێم راگیراوە."

جەختیشی كردۆتەوە كە "بۆ هەر بابەتێکیش پەیوەندی بە سزادراوانەوە هەبوبێت هەرگیز پرسیارو بەدواداچونمان بۆ تاوان و سزاکانیان نەکردوە چونکە ئەرکی ئێمە پێشکەشکردنی خزمەتگواریە بۆ سەرجەم سزادراوان بە بێ جیاوازی."

هەروەها وتوشیەتی"بەخشینی بڕوانامە کەمکردنەوە یان   لیخۆشبون نییە لەسزاکەی تەنھا پاڵپشتی مەعنەوییە بۆ ھەمو سزادراوان."

بەپێی راگەیەندراوێكی دیكەی وەزارەتەكە، دوێنێ لە چاكسازی گەورانی هەولێر بە ئامادەبونی وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی ئاھەنگی دەرچون بۆ دو سزادراوی دەرچوی زانكۆ لە چاکسازی گەورانی ھەولێر رێكخراوەو لە رێوڕەسمەكەشدا خەڵاتیان پێ بەخشراوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاندبو"بەڕاستی سەیرە زۆر، یەکێک لەوانەی دکتۆر هۆشیاری تیرۆر کرد، بڕیاری لە سێدارەدانی هەیە، ئاهەنگی دەرچونی بۆ ڕێکدەخەن، بەڵام ئەو چالاکوانانەی بادینان كە لەسەر هیچ دەستگیرکراون، لە دۆخێکی مانگرتنی نەخوازراودان."

عەلی حەمەساڵح لەبارەی قسەی هەندێك كەس كە دەڵێن ئەوە پەیوەندی بە مافی مرۆڤ و چاككردنی سزادراوانەوە هەیە، رایگەیاندوە"بەپێی یاسا سزادراو بە ئیعدام شمولی ھیچ بەرنامەیەکی ئیسلاحی و خوێندن ناکات و دەبێ لە بەشی حوکمی ئیعدام دابنرێت تا رۆژی جێبەجێکردنی حوکمەکەی."

ئەو پەرلەمانتارە جەختی كردۆتەوە كە "بەرنامەی ئیسلاحی و خوێندن بۆ ئەوانەیە بە زیندانی حوکمدراون بۆ ئەوەی کە ھاتنە دەرەوە سودی لێ ببینن."

د. هۆشیار ئیسماعیل، مامۆستای ئایینی ئێوارەی رۆژی سێشەممە 22-11-2016 لە شاری هەولێر تەقەی لێكراو كوژرا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×