فراكسیۆنی یەكێتی وەڵامی لێدوانەكانی شاخەوان عەبدوڵا دەداتەوە
  2022-08-03       747       

فراکسیۆنی یەکێتی لە په‌رله‌مانى عێراق وه‌ڵامی لێدوانەكانی ئەمڕۆی شاخەوان عەبدوڵا، جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق لە پشكی پارتی، ده‌داته‌وەو دەڵێت،"هەموان دەزانن کە پارتی دەستپێشخەری کرد لەوەی بچێتە ناو هاوپەیمانی سێقۆڵی‌و تاکلایانانە لەگەڵ ڕەوتی سەدر بۆ پۆست ڕێککەوتنی ئیمزاکرد بەبێ ئەوەی یەک خاڵی لەبەرژەوەندی هەرێم تێدابێت".

ئاوێنە: وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی لەپه‌رله‌مانى عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"شاخەوان عەبدوڵا جێگری دوەمی سەرۆکی په‌رله‌مان لەچاوپێکەوتنێکیدا هەندێ لێدوانی داوە، لەسەر کێشەکانی پرۆسەی سیاسی عێراق‌ و هەڵوێستی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە پێویستی بەهەڵوەستە لەسەرکردنە."

وته‌بێژى فراكسیۆنى یه‌كێتى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان وتویه‌تى، پۆستی سەرۆک کۆمار بەرکەوتەی پێکهاتەی کوردە، وتویەتی،"پێویستە بەڕێزیان ئەوە بزانن پۆستەکەی بەڕێزیشیان بەرکەوتەی کوردەو نەدەبو بەو جۆرە لایەندارییە حزبییە زەقە قسە بکات".

وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتی ئەوەشی خستۆتەڕو"ئەم قسانەی شاخەوان عەبدوڵا لەکاتێکدایە، هەمو هێزە سیاسیەکانی عێراق بەئاراستەی چارەسەرو هێوربونەوە کاردەکەن، ئەم قسانەی پێچەوانەی پەیامی سەرکردە باڵاکانی حزبەکەیەتی کە بۆ گفتوگۆو چارەسەر بڵاویدەکەنەوە".

جه‌ختیشی كردۆتەوە"سەبارەت بەوەش کە شاخەوان عەبدوڵا چوارچێوەی هەماهەنگی بەوە تاوانباردەکات کە نێوانی یەکێتی‌ و پارتی تێکداوەو یەکێتی ئیغراکردوە بەپۆستی سەرۆک کۆمار، هەمولایەک دەزانن کە پارتی دەستپێخەری کرد لەوەی بچێتە ناو هاوپەیمانی سێقۆڵی‌و کێشەکانی نێوماڵی شیعەو کوردیشی قوڵکردەوەو بەبێ ڕێکەوتنی یەکێتی‌و پارتی پۆستی جێگری دوەمی سەرۆکی په‌رله‌مان وەربگرن‌و کاندیدی سەرۆک کۆمار تۆماربکەن‌".

وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتی ئەوەشی وتوە "ئەوە پارتی بو تەماحی لەپۆستی سەرۆک کۆمار کرد کە بەرکەوتەی کوردو یەکێتییەو تاکلایانانە لەگەڵ ڕەوتی سەدر بۆ پۆست ڕێککەوتنی ئیمزاکرد بەبێئەوەی یەک خاڵی لەبەرژەوەندی هەرێم تێدابێت، یەکێتی هێزێکە بەهیچ دەستکەوت‌و پۆستێک ئیغرا نابێ‌و ڕێگەی نەدا هیچ لایەنێک ئیرادەی خۆی بەسەریدا بسەپێنێت".

وته‌بێژى فراكسیۆنى یه‌كێتى ئه‌وه‌شى خستۆتەڕو"لەقسەکانیدا شاخەوان عەبدوڵا دەستەواژەی «کەمینە»ی بۆ یەکێتی بەکارهێناوە، ئەم دەستەواژەو دەربڕینانە بۆ هیچ هێزێکی سیاسی گونجاو نییە بەکاربهێنرێت، بەتایبەت بۆ هێزێکی وەک یەکێتی کە ژمارەی شەهیدەکانی زیاتر لە20 هەزار شەهیدە، سیاسەت‌و پێگەو سەنگی یەکێتی لەعێراقدا بەقسەی هیچ کەسێک نادیدە ناگیرێ".

له‌به‌شێكى دیكه‌ى وه‌ڵامه‌كه‌ى فراكسیۆنی یه‌كێتیدا هاتوه‌، "شاخەوان عەبدوڵا بەناوی بەڕێزان لەڕەوتی سەدرەوە قسە دەکات، لەکاتێکدا بەڕێزیان ئێستا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانن‌و گونجاو نییە بەناوی کەس‌و لایەنی ترەوە قسەبکات".

ئه‌وه‌شى وتوە"سەرباری ئەو جۆرە لێدوانانە، کە ناهەقین بەرامبەر بە یەکێتی، لەڕوانگەی بەرپرسیارێتیەوە، یەکێتی جەخت لەبژاردەی گفتوگۆو چارەسەر دەکاتەوە لەئاستی نێوماڵی کوردی‌و لەئاستی هەمو هێزە سیاسیەکانی عێراق، بۆ کۆتاییهێنان بەگرژییە سیاسییەکان‌ و بنبەستی سیاسی."

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×