پەرلەمانی فەرەنسا داوای داننان بەئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان دەکات
  2022-08-04       564       


پەرلەمانی فەرەنسا داوای داننان بەئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان دەکات، بۆ ئه‌وه‌ش 100 پەرلەمانتاری ئه‌و وڵاته‌ داواده‌كه‌ن ناوچەی دژەفڕین بەسەر ناوچەکانی باکوری سوریا (ڕۆژئاوای کوردستان)دا بسەپێنرێت‌و کوردانى ئه‌و به‌شه‌ى كوردستان بخرێنە ژێر سایەی پاراستنی نێودەوڵەتییەوە.

ئاوێنه‌: لەگەڵ بەردەوامی هەڕەشەکانی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نوێ بۆسەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، نزیکەی 100 پەرلەمانتاری فەرەنسیی کە لەهەموو ئاراستەو پارتە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە پێکهاتوون لەبابەتێکدا کە لەڕۆژنامەی "لی جۆڕناڵ دو دیمانچ"دا بڵاویانکردۆتەوە، سەرکۆنەی سیاسەتی شەڕخوازانەی حکومەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیان دژ بەگەلی کورد لەباکوری سوریا (ڕۆژئاواى كوردستان) کردووە.

ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى واژۆیان کردووە وتویانە، "لەکاتێکدا ڕوسیا بەسەرۆکایەتیی ڤلادیمیر پوتن لەئۆکرانیا تاوانی جەنگ ئەنجامدەدات، لەوکاتەدا ئەردۆغان سەرقاڵیی جیهان بەو جەنگە دەقۆزێتەوە بۆئەوەی هێرشێکی تر بکاتەسەر کوردانی سوریا".

ئەو پەرلەمانتارانە پێیانوایە، "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پێگەی گرنگی وڵاتەکەی لەلای هاوپەیمانی ناتۆ لەپرسی قەیرانی ئۆکرانیا قۆستۆتەوە بۆئەوەی ڕەزامەندی هاوپەیمانێتییەکە بەدەستبهێنێت تاوه‌كو هێرشەکانی بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان چڕبکاتەوە".

ئه‌و 100 په‌رله‌مانتاره‌ به‌پێویستى ده‌زانن وڵاتانی ئەندامی ناتۆ چاو لەو ڕاستییە نەپۆشن‌و دەشبێت وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا گەرەنتیی پارێزگارییکردن لەچالاکان‌و کۆمەڵە کوردییەکان لەسەر خاکی ئەوروپا بکەن.

هه‌روه‌ك ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ داواده‌كه‌ن، هانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی بدرێت بۆئەوەی ناوچەی دژەفڕن بەسەر ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاواى كوردستان)دا بسەپێنرێت‌و کوردانی سوریا بخرێنە ژێر سایەی پاراستنی نێودەوڵەتییەوە.

لەبەشێکی تری داواکارییەکەی ئەو ژمارە پەرلەمانتارە فەرەنسیەدا هاتووە، "پێویستە ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان سود لەدانپێدانانی نێودەوڵەتیی وەربگرێت".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×