وەزیری بازرگانی هەرێم: پارەی گەنمی ساڵانی 2014، 2015، 2016ی جوتیاران دابەش دەکرێ
  2022-08-04       501       

 ‏کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: سەرەتای هەفتەی داهاتو 100 ملیار دینار پارەی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵەکانی 2014، 2015، 2016 دابەش دەکرێت و لە ماوەی 10 رۆژی داهاتودا 208 ملیاری دیکەش دەگاتە دەستمان و تەواوی پارەکە کە 308 ملیار دینارە دابەش دەکرێت.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێم، كەمال موسلیم وتوشیەتی"لە ئەمساڵدا 103 ملیار و 159 ملیۆن دینار پارەی گەنمی جوتیاران دابەشکراوە و 160 ملیاری دیکەش هەفتەی داهاتو دابەش دەکرێت."

سەبارەت بە بڕی گەنمی وەرگیراوی ئەمساڵ کەمال موسلیم وتویەتی"تا ئێستا 311 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە، بەشی پێنج مانگی خۆمان دەکات کە دەبوایە زیاتر لە 700 هەزاار تۆن گەنم وەربگرین."

لە بارەی کوالیتی گەنمەوە، وەزیری بارزگانی و پیشەسازی رایگەیاند"ئەو بابەتە پەیوەندی بە وەزارەتی کشتوکاڵەوە هەیە، بەڵام کوالیتی گەنمی ئەمساڵ بە گشتی خراپ نییە."

لە بارەی نرخی پێداویستی خۆراکەوە، کەمال موسلیم ئاشکرایکرد"لە قۆناغی یەکەمی روبەروبونەوەی بەرزبونەوەی نرخی پێداویستی خۆراکی رەسم و باجی گومرگی لەسەر 10 پێداویستی خۆراکی بۆ ماوەی دوو مانگ هەڵگیرا و دواتر ئەو ماوەیە درێژتر کرایەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×