لە روداوێكی هاتوچۆدا لە هەولێر سێ كەس گیانیان لەدەستدا
  2022-08-05       454       

پۆلیسی هەولێر ئاشكرایكرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ(هەینی)، لە روداوێكی هاتوچۆدا لە شەقامی 100 مەتری، ئۆتۆمبێلێك بەخێراییەكی زۆر خۆی كردوە بەنێو كۆمەڵێك خەڵكداو لە ئاكامدا سێ كەس گیانیان لەدەستداوە كە دوانیان ئەفسەری پۆلیس بون لە بەغداو هەروەها ئەفسەرێكی دیكەش بەسەختی برینداربوە.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لە راگەیەندراوێكدا وتی، كاتژمێر 4ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاگاداركراونەتەوە لە بونی روداوێكی هاتوچۆ لەسەر شەقامی 100 مەتری لەنزیك سپۆرت سەنتەر، دوای گەیشتنی هێزەكانیان بۆ شوێنی روداوەكە دەركەوتوە، ئۆتۆمبێلێك لە جۆری هۆندا-فۆلستەر، بەخێراییەكی زۆر خۆی كێشاوە بە كۆمەڵێك هاوڵاتیدا.

ئەوەشی خستۆتەڕو، لە ئەنجامی روداوەكە، دو ئەفسەری پۆلیسی عێراق كە لەبەغدا ئەرك دەبینن بەناوەكانی (ملازم دیانا محەمەد فەرەج) و (رەسل كەمال عەبدولڕەحمان) و هەروەها هاوڵاتی (نور محەمەد فەرەج) گیانیان لەدەستداوەو ئەفسەرێكی دیكەی پۆلیسیش بەناوی (ملازم ئەفنان ئیبراهیم تاهر) برینداربوە كە لە ئێستادا دۆخی تەندروستی مەترسیدارە.

پۆلیس ئاماژەی بەوەشداوە كە دۆسیەی لێكۆڵینەوە بۆ روداوەكە كراوەتەوەو شۆفێری ئۆتۆمبێلەكەش بەناوی (ز. م. ج.) دەستگیركراوەو دەستیش بەسەر ئۆتۆمبێلەكەیدا گیراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×