عەلی قەرەداغی: گۆڕینی بەئەنقەستی رەگەز حەرامە
  2022-08-06       439       

د.عەلی قەرەداغی، ئەمیندارى گشتى یەکێتى جیهانى زانایانى مسوڵمان لە فەتوایەكدا دەڵێت، گۆڕینی بەئەنقەستی رەگەز لە نێرەوە بۆ مێ یان بەپێچەوانەوە، حەرامەو ئەنجامدانیشی لەلایەن پزیشكەوە ئەویش هەر حەرامە.

ئاوێنە: د. عەلی قەرەداغی، ئەمینداری ئەمیندارى گشتى یەکێتى جیهانى زانایانى مسوڵمان لە فەتوایەكدا رایگەیاند" مرۆڤ سنوردار كراوە لەم دو رەگەزەدا واتە (نێر و مێ‌)، شتێك نییە بە ناوی پێكهاتەی نێرەموك كە وەك رەگەزێكی سەربەخۆ بونی هەبێت، بەڵكو شتی لەوجۆرە لەبەرئەنجامی كەموكوڕی و نەخۆشییەوە سەرهەڵدەدات."

ئاماژەی بەوەشداوە كە "ئەگەر پزیشكان گەیشتنە ئەو ئەنجامە كە كەسەكە لە حاڵەتی گومان و دودڵیدا بێت لە نێوان نێر و مێینەدا، -واتە پێكهاتەیەكی نێرەموكی بێت بەپێی زاراوەی فیقهناسان- ئەوا دەڕواننە حاڵەتی زۆرینەی رەگەزی تیایدا. كە كامیان زاڵترە."

ئەوەشی وتوە"جا ئەگەر زۆربەی هۆرمۆنەكان و نیشانەكان نیشانەی نێرینەیی بن، ئەوا بۆیان هەیە باری ئەو كەسە بگۆڕن بۆ نێرێكی تەواو، ئەگەریش زۆربەیان مێینەیی بن، بۆیان هەیە بیگۆڕن بۆ مێینە."

د. عەلی قەرەداغی وتوشیەتی"بەڵام ئەگەر مرۆڤەكە سروشتی بو، هەمو هۆرمۆنەكان یان نیشانەكان تیایدا نێر یان مێ بێت، ئەوا بە هیچ جۆر دروست نییە ئەو مرۆڤە بگۆڕدرێ‌ بۆ رەگەزێكی تر."

هەروەها لەبارەی گۆڕینی بە ئەنقەستی رەگەز، وتویەتی"بەڵام كێشەكە لە ئەمڕۆدا كێشەی پێكهاتەی نێرەموكی نییە وەك ئەوەی لای فیقهناسە پێشینەكانمان هاتوە، بەڵكو كەسەكە دەیەوێت خۆی بگۆڕی بۆ رەگەزێكی تر ئەوەش وەك حەزێك و هاوشێوەكانی، ئەوا لەم حاڵەتەدا گومانی تێدا نییە ئەو كارە دەچێتە ناو پرۆسەی گۆڕینی دروستكراوی خواوە، دژە لەگەڵ سروشتی ساغ و سەلیمدا، لەگەڵ بنەما گشتییەكان و مەبەستە هەموەكییەكانی شەریعەتدا."

ئەمینداری گشتی یەکێتى جیهانى زانایانى مسوڵمان لە فەتواكەیدا جەختی كردۆتەوە "بەم پێیەش ئەوا ئەو گۆڕانە حەرامە، ئەنجامدانیشی لەلایەن پزیشكەوە ئەویش هەر حەرامە، نابێت كاری وای لا پەسەند بێت و بیكات."

دەقی فەتواكە:

فەتوا: دەربارەی گۆڕینی رەگەزی نێرینە بۆ مێینە یان بە پێچەوانەوە

پرسیارێكم لە یەكێك لە پسپۆڕانی نەشتەرگەری جوانكاری و چاككردن و سوتاندن لە وڵاتی میصرەوە پێگەیشتوە، ئەمە دەقەكەیەتی:

من لە ئێستادا دەمەوێت پێشكەوتنێك لە ژیانی پیشەكەمدا بەدەستبێنم...لەبەرئەوە پەیوەندیم كرد بە چەندین كەسانی پسپۆڕەوە لە بواری جوانكاری لە چەندین نەخۆشخانەدا.. ئێستە وەڵامێكی ئەرێنیم كە ئەوەش (حاڵەتێكە بە دەگمەن رودەدات) لە بەشی جوانكاری زانكۆی هامبۆرگەوە UKE.. دەستكەوتوە كە بەشێكی زۆر باڵایە لە پسپۆڕیدا، بە تایبەتیش پسپۆڕە لە نەشتەرگەریی گۆڕینی رەگەزدا.. كە بوارێكی فراوانە لە جوانكاریدا.. بەوەی ئەو نەخۆشانەی كە حەزیان بە گۆڕینی رەگەزیانە لەدوای هەڵسەنگاندنێكی فەرمی لەلایەن 2 پزیشكی دەرونی و هەڵسەنگاندنی یاسایی لە باری كەسێتیدا و لەدوای وەرگرتنی چارەسەری هۆرمۆنی بۆ ماوەیەك كە لە ساڵێك كەمتر نەبێت سەردان دەكەن..

پرۆسەی نەشتەرگەرییەكە بریتییە لە دەرهێنان یان گەورەكردنی مەمك، هەروەها دەرهێنان یان چاندنی چوك (كۆئەندامی نێرینە)، هەروەها نەشتەرگەریی گون و دانانی ماتۆڕی رەپبون، هەروەها بە مێینە یان نێرینەكردنی رومەت.

جا ئایا كاركردن لەم بوارەدا حەرامە؟ ئەمە لە كاتێكدا ئێمە دەستپێشخەر نین بە گۆڕان و حاڵەتەكەش دەستنیشان ناكەین، بەڵكو كاری ئێمە بریتییە تەنها لە بەجێگەیاندنی راسپاردەكانی دەوڵەت؟

وەڵام:

سوپاس بۆ پەروەردگاری جیهانیان، درود و سەلام لەسەر گیانی پێغەمبەرمان موحەممەد كە بەزەییە بۆ جیهانیان، هەروا لەسەر ماڵبات و تەواوی هاوەڵە بەڕێزەكانی.

پاشان:

ئەوەی من لەم بوارەدا دەربارەی پێكهاتەی نێرەموك، لە رێگای لێكۆڵینەوە لە قورئانی پیرۆز و سوننەتی شكۆمەندەوە پێیگەیشتوم، ئەمەی خوارەوەیە:

1- هەر مرۆڤێك -بەڵكو هەر شتێكیتریش- تەنها لەسەر ژیانی جوت بەرپا دەبێت، ئەویش نێر و مێیە، یان سارد (سالب) و گەرم (موجب) دامەزراوە، خوای گەورە دەفەرموێ‌: (سُبْحَانَ الَّذِي خَلَقَ الْأَزْوَاجَ كُلَّهَا مِمَّا تُنْبِتُ الْأَرْضُ وَمِنْ أَنْفُسِهِمْ وَمِمَّا لَا يَعْلَمُونَ) يس36 واتە: (پاكی و بێگەردی و ستایش بۆ ئەو زاتەی كە هەمو دروستكراوانی بە جوت بەدیهێناوە، لەوانەی كە زەوی بەرهەمیان دەهێنێت، لە خۆیشتان و لەو شتانەش كە نایزانن).

2- فیقهناسە پێشینەكانمان بە تێروتەسەلی قسەیان لەسەر ئەم باسە كردوە، منیش لە لێكۆڵینەكانەوە -بە تایبەتی لێكۆڵەرانیان- گەیشتمە ئەوە... كە هەر ئەوە دەڵێن و جەخت لەوە دەكەن كە لە قورئانی پیرۆزدا دەربارەی سنورداركردنی رەگەزی مرۆییەوە لە نێرینەو مێینەدا هاتوە، هەروەك خوای گەورە دەفەرموێ‌: (وَأَنَّهُ خَلَقَ الزَّوْجَيْنِ الذَّكَرَ وَالأُنْثَى ، مِنْ نُطْفَةٍ إِذَا تُمْنَى) النجم 45-46واتە: (هەر ئەویش دو جۆر رەگەزی نێر و مێی لە هەمو گیانداراندا بەڵكو لە بێگیانەكانیشدا بەدیهێناوە، لە هەمو شت جوت و دو شێوازی جیاوازی تەواوكاری یەكتری بەدیهێناوە، بە تایبەت ئادەمیزادی بەدیهێناوە لە نوتفەیەك، دڵۆپێكی زۆر زۆر بچوك ئەویش ئەو كاتەی كە بواری پیتاندنی بۆ بڕەخسێت و لە منداڵداندا خۆی هەڵبواسێت).

3- مرۆڤ سنوردار كراوە لەم دو رەگەزەدا واتە (نێر و مێ‌)، شتێك نییە بە ناوی پێكهاتەی نێرەموك كە وەك رەگەزێكی سەربەخۆ بونی هەبێت، بەڵكو شتی لەوجۆرە لەبەرئەنجامی كەموكوڕی و نەخۆشییەوە سەرهەڵدەدات.

جا بەرمەبنای ئەمە دەڵێین:

أ- ئەگەر پزیشكان گەیشتنە ئەو ئەنجامە كە كەسەكە لە حاڵەتی گومان و دودڵی دا بێت لە نێوان نێر و مێینەدا، -واتە پێكهاتەیەكی نێرەموكی بێت بەپێی زاراوەی فیقهناسان- ئەوا دەڕواننە حاڵەتی زۆرینەی رەگەزی تیایدا. كە كامیان زاڵترە.

ب- جا ئەگەر زۆربەی هۆرمۆنەكان و نیشانەكان نیشانەی نێرینەیی بن، ئەوا بۆیان هەیە باری ئەو كەسە بگۆڕن بۆ نێرێكی تەواو، ئەگەریش زۆربەیان مێینەیی بن، بۆیان هەیە بیگۆڕن بۆ مێینە.

ج- بەڵام ئەگەر مرۆڤەكە سروشتی بو، هەمو هۆرمۆنەكان یان نیشانەكان تیایدا نێر یان مێ بێت، ئەوا بە هیچ جۆر دروست نیە ئەو مرۆڤە بگۆڕدرێ‌ بۆ رەگەزێكی تر.

گۆڕینی بە ئەنقەستی حەز و هاوشێوەی:

بەڵام كێشەكە لە ئەمڕۆدا كێشەی پێكهاتەی نێرەموكی نییە وەك ئەوەی لای فیقهناسە پێشینەكانمان هاتوە، بەڵكو كەسەكە دەیەوێت خۆی بگۆڕی بۆ رەگەزێكی تر ئەوەش وەك حەزێك و هاوشێوەكانی، ئەوا لەم حاڵەتەدا گومانی تێدا نییە ئەو كارە دەچێتە ناو پرۆسەی گۆڕینی دروستكراوی خواوە، دژە لەگەڵ سروشتی ساغ و سەلیمدا، لەگەڵ بنەما گشتییەكان و مەبەستە هەموەكییەكانی شەریعەتدا، خوای گەورە دەفەرموێ‌: ((َلَأُضِلَّنَّهُمْ وَلَأُمَنِّيَنَّهُمْ وَلَآمُرَنَّهُمْ فَلَيُبَتِّكُنَّ آذانَ الْأَنْعامِ وَلَآمُرَنَّهُمْ فَلَيُغَيِّرُنَّ خَلْقَ اللَّهِ وَمَنْ يَتَّخِذِ الشَّيْطانَ وَلِيًّا مِنْ دُونِ اللَّهِ فَقَدْ خَسِرَ خُسْرانًا مُبِينًا ، يَعِدُهُمْ وَيُمَنِّيهِمْ وَما يَعِدُهُمُ الشَّيْطانُ إِلاَّ غُرُورًا) النساء 119-120.. واتە: (-شەیتان- هەروەها سوێندی خواردوە كە ئەو خەڵكە، گومڕاو سەرلێشێواو بكات، بە ئاوات و خەیاڵاتی پوچەوە سەرگەرمیان بكات، فەرمانیان پێبدات كە گوێی ئاژەڵەكانیان ببڕن، هەروەها فەرمانیداوە و بە چاوی خۆیشمان دەبینین كە شوێنكەوتوانی دەستكاری دروستكراوانی خوا دەكەن بە شێوەیەك كە دەیشێوێنن، جا ئەوەی شەیتان بكاتە یارو یاوەر و مامۆستای خۆی ئەوە بێگومان زەرەرو زیانێكی ئاشكرای لەخۆی داوە، شەیتان بەردەوام بە وەسوەسە و خەتەرە و خەیاڵ بەڵێن بە شوێنكەوتوانی دەدات و بە ئاواتی پڕوپوچ و بێنرخ سەرگەرمیان دەكات، هەمویشی فریودان و خەڵەتاندن و لادانە لە رێگە و رێبازی راست و دروست). بەم پێیەش ئەوا ئەو گۆڕانە حەرامە، ئەنجامدانیشی لەلایەن پزیشكەوە ئەویش هەر حەرامە، نابێت كاری وای لا پەسەند بێت و بیكات.

خوای گەورەش زاناترە.

پ. د. علی محێدین قەرەداغی

ئەمیندارى گشتى یەکێتى جیهانى زانایانى مسوڵمان

سەرۆکى رێکخراوى رابیتەى مرۆیى

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×