پەیمانگایەکى ئەمریکی: کابینەکەى مەسرور بارزانى پێشێلکاریی دژ بەئازادی رادەربڕین ئەنجامدراوە
  2022-08-07       603       

بەپێی راپۆرتێکی پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیك کە رۆژی شەممە لەبارەی ئازادی رادەربڕین لەهەرێمی کوردستاندا بڵاوکراوەتەوە، تێیدا باسی لەوەکردووە کە لە دوای ئەوەی مەسرور بارزانی بۆتە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشێلکاریی زەق و بەرچاو دژ بە ئازادی رادەربڕین لەهەرێمەکەدا ئەنجامدراوە.

ئاوێنە: لەراپۆرتەکەدا هاتووە: لەو کاتەوەی مەسرور بارزانیی وەک سەرۆکوەزیران سوێندی یاسایی خواردووە، ڕێژەی تاوان و پێشێلکارییەکانی وەک هەڕەشە و هەراسانکردن و ئەشکەنجەدان دژی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.

پەیمانگاکە ئاماژەی بە داتایەکی سەنتەری میترۆ بۆ بەرگریکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان کردووە کە رایگەیاندووە تەنها لە لەماوەی ساڵی ٢٠٢١دا ٣٥٣ پێشێلکاریی دژ بە ٢٦٠ ڕۆژنامەنووس و ڕێکخراوی میدیایی لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە.

ئەوەش هاتووە: یەکێک لە دیارترین هەڵمەتە سەرکوتکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵی ٢٠٢٠ بریتی بوو لە دەستگیرکردنی زیاتر لە ٨٠ رۆژنامەنووس و چالاکی مەدەنی لە پارێزگای دهۆک لەسەر نارەزایەتیی دەربڕین دژ بە گەندەڵیی و خراپی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، سه‌ره‌ڕای ده‌ربڕینی به‌رفراوانی نیگه‌رانیی جددی و سه‌ركۆنه‌كردنی له‌ ئاستی نه‌ته‌وه‌یی و ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیی بۆ ئازادکردنیان، بەڵام سەرۆکی حکومەت لەسەر هەڵوێستی خۆی سوور بوو.

لەبەشێکی تری راپۆرتەکەی پەیمانگای واشنتۆندا هاتووە: حکومەتەکەی مەسرور بارزانی لەساڵی ٢٠٢٢ لەسەر هەمان ڕێچکەی خۆی بۆ سەرکەوتکردنی رۆژنامەنووسان و بەرتەسککردنەوەی ئازادییە مەدەنییەکان بەردەوام بووە و تەنیا دوای دوو رۆژ لە یادی سێ ساڵەی دەستبەکاربوونی حکومەتەکەی، دوو رۆژنەمانووس لە هەولێر و دهۆک لەسەر کاری پیشەیی خۆیان دەستگیرکران.

راپۆرتەکە دەڵێت" ئەو هەڵمەتە سەرکەوتکارییەی حکومەتی مەسرور بارزانی دژ بە رۆژنامەنووسان گرتوویەتییەبەر رەنگدانەوەی چەند لایەنێکی ئەو حکومەتەیە، بەو پێیەی بەشێکی زۆر لە ئەندامانی حکومەت لەکەسانە پێکهاتوون کە پاشخانێکی هەواڵگرییان هەبووە، مەسروور بارزانیش خۆی پاشخانێکی هەواڵگریی بەهێزی هەیە و پێش ئەوەی پۆستی سەرۆکی حکومەت بەدەستەوە بگرێت سەرۆکی دەزگایەکی هەواڵگریی بووە.

لەکۆتایی راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە هەریەک لە یەکێتی و پارتی بەدرێژایی چەند ساڵی رابردوودا چەندین ستراتیژییەتیان بۆ دەمکوتکردنی ئەو رۆژنامەنووس و نووسەر و خۆپیشاندەرانە بەکارهێناوە کە ویستویانە دژ بە گەندەڵیی و ستەم دەنگیان بەرزبکەنەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×