بەریتانیاو کەنەداو ئەڵمانیاو هۆڵه‌ندا: نیگەرانین لەدەستگیرکردنی ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن‌و چالاکوانانی سیاسی‌و رۆژنامەنوسان
  2022-08-07       698       

هه‌ریه‌ك له‌کونسوڵگەرییه‌كانی‌ بەریتانیاو کەنەداو ئەڵمانیاو هۆڵه‌ندا له‌هه‌رێمی‌ كوردستان نیگه‌رانی‌ خۆیان لەدەستگیرکردنی ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن‌و چالاکوانانی سیاسی‌و رۆژنامەنوسان ده‌رده‌بڕن‌و ڕایده‌گه‌ینن، ئازادی رادەربڕین‌و کۆبونەوەو پێکهێنانی کۆمەڵەو ئازادی رۆژنامەگەری کۆڵەکەی گرنگی دیموکراتین.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ یەکشەممە، کونسوڵی کەنەدا لەهەرێم لەبارەی دەستگیرکردنی ئەندامانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و چەندین کەسایەتی سیاسی‌و رۆژنامەنوس چالاکوانان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوەو تیایدا هاتووە، "هەست بەنیگەرانی دەکەین لەدەستگیرکردنی ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن‌و چالاکوانانی سیاسی‌و رۆژنامەنوسان لەهەرێم".

دەشڵێت، ئازادی رادەربڕین‌و کۆبونەوەو پێکهێنانی کۆمەڵەو ئازادی رۆژنامەگەری دو کۆڵەکەی گرنگی دیموکراتی تەندروستن.

هەروەها، کونسوڵگەری ئەڵمانیا لەهەرێم لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، هەست بەنیگەرانی دەکەن بەرامبەر دەستگیرکردنی ئەندام پەرلەمانەکان‌و رۆژنامەنوسان‌و چالاکوانەسیسییەکان لەسەرتاسەری هەرێمدا.

باسی لەوەشکردووە، ئازادی رادەربڕین بابەتێکی یەکلایی کەرەوەیە لەپرۆسەی سیاسیدا، هەربۆیە داوا لەهەموو لایەکدەکەن دۆخەکە زیاتر ئاڵۆزتر نەکەن.

هاوکات، جەیمی هامیل جێگری کۆنسوڵی گشتی بەریتانیا لەهەرێم لەتویتێکدا رایگەیاندووه‌، ئەوان زۆر نیگەرانن لەدەستگیرکردنی ئەندامانی پەرلەمان و رۆژنامەنوسان و چالاکوانانی سیاسی کە دوێنێ لە خۆیشاندانەکاندا لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکران.

ئەوەشی خستووەتەڕو، ئازادی رادەربڕینی دامەزراوە میدیاییەکان بەشێکی گرنگی پڕۆسەی دیموکراسییە.

به‌هه‌مانشێوه‌، باڵیۆزخانەی هۆڵەندا لەعێراق لەتویتێکدا رایگەیاندووه‌، نیگەرانن لەدەستگیرکردنی ئەندام پەرلەمان‌و رۆژنامەنوس‌و چالاکوانانی سیاسی.

ئاماژەی بەوەشداوە، "داوا لەهەموو لایەک دەکەین بەتەواوەتی رێزی مافی ئازادی رادەربڕین بگرن".

دەشڵێت، گردبونەوەو خۆپیشاندانی ئاشتییانە مافی هەموو لایەکەو دەبێت رێزی بگیرێت.

لەسەر داوای جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بڕیاربو دوێنی شەممە خۆپیشاندانی سەرتاسەری لەشارو شارۆچەکەکانی هەرێمی‌ كوردستان ئه‌نجامبدرێت، به‌ڵام به‌هۆی‌ ڕێگریی هێزە ئەمنییەکان‌ له‌شاری‌ سلێمانی‌‌و هه‌ولێرو ده‌ستگیركردنی‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ په‌رله‌مانتاران‌و چالاكوانان‌و ڕۆژنامه‌نوسان، خۆپیشاندانه‌كه‌ وه‌ك پێویست ئه‌نجامنه‌درا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×