محەمەدی حاجی مەحمود دژی داواکاریەکی ئەمریکاو هاوپەیمانیان مانۆڕێکی سەربازی ئەنجامدەدات
  2022-08-08       929       


بەبۆنەی 46مین ساڵیادی دامەزراندنی حزبەکەیەوە محەمەدی حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان مانۆڕێکی سەربازیی كه‌ تیایدا پێشمەرگەو هێزە سەربازیەکانی بەئۆتۆمبێل‌و چەک‌و کەرەستەی سەربازییەوە نمایشێکیان ئەنجامدا.

ئاوێنه‌: محەمەدی حاجی مەحمود لەمیانی بەڕێوەچونی مانۆڕی سەربازی حزبەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەم نمایشەیان بۆ ئەوەیە خەڵک بزانن کە حزبەکەیان بۆ هەر ئەگەرو مەترسیەک كه‌ ڕوو لەهەرێم کوردستان بکات ئامادەیەو پێشمەرگەکانی حزبەکەی ئامادەی هەر بەرگریەکن لەخاکی کوردستان.

ئەم جوڵە سەربازیەی محەمەدی حاجی مەحمودو هێزی سەربازی حزبەکەی لەکاتێکدایە، تەنها دوو ڕۆژ بەر لەئێستاو دوای سەردانێکی فەرمی وەزیری پێشمەرگە بۆ واشنتۆن‌و کۆبونەوە لەگەڵ گەورە بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد، ئەمریکاو هاوپەیمانان یەکگرتنەوەی پێشمەرگەیان کردووە بەمەرجی پشتیوانییەکانیان بۆ پێشمەرگەو ئەگەر پرۆسەی چاکسازیی بەباشی نەڕوات بەڕێوە، کاریگەری لەسەر ھاوکارییەکان دەبێت، هاوکاریە سەربازیی‌و لۆجستیەکانیان لەپێشمەرگە دەگرنەوە.

شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە ئەوەشی ئاشکراکرد، "چاکسازیی لەناو پێشمەرگە لەپێشینەی کارەکانەو ھاوپەیمانان پێداگریی زۆر دەکەن کە ھێزی پێشمەرگە ھێزێکی ڕێکخراو بێت‌و دەستوەردانی حزبی تیادا کەمبکرێتەوە ئەوەشیان کردوە بەمەرج بۆ بەردەوامی هاوکاریەکانیان بۆمان".
 

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×