وەزارەتی پەروەردە: قوتابخانە ئەھلییەکان دەیانەوێ ئەو قوتابیانەی نمرەیان بەرزە بۆ لای خۆیان رابکێشن
  2022-08-08       397       

بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێم رایگەیاند، قوتابخانە ئەھلییەکان بۆ ناوبانگ دەیانەوێت ئەو قوتابیانە بۆ لای خۆیان رابکێشن کە لە پۆلەکانی ١٠ و ١١ی ئامادەیی نمرەی بەرزیان ھێناوە، بەڵام وەزارەتی پەروەردە بڕیاریداوە ھەر قوتابیەک لە پۆلی ١٢ی ئامادەیی نمرەی بەرز دەھێنێ زیاتری ساڵەکانی لەکام قوتابخانە بوە لەسەر ئەوە ھەژمار بکرێت.

ئاوێنە: سەیوان عەلی، بریکاری وەزارەتی پەروەردە، ئەمڕۆ(دوشەممە) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاند"بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولی داھاتو ساڵی نوێی خوێندن بەڕێوەبچێت و وەزارەتی پەروەردەش ھەمو ئامادەکارییەکی کردوە بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە رێکخستنەوەی میلاکات و چاپکردنی پەرتوک و ئامادەکردنی قوتابخانەکان بۆ پێشوازی لە ساڵی نوێی خوێندن ھەندێ رێکاری دیکە ماون تا ئەوکاتەی دەرگای قوتابخانەکان دەکرێتەوە ئەوانیش کۆتایی دێن."

بریکاری وەزارەتی پەروەردە وتیشی"جێی خۆشحاڵییە زۆربەی ھەرە زۆری یەکەمەکانی دەرچوی ١٢ی ئامادەیی لە قوتابخانەکانی حکومەت بون، ئەوەیش نیشانەی ئەوەیە قوتابخانەکانی سەربە حکومەتن ھێشتا توانای زۆریان ھەیە بۆ پێگەیاندنی قوتابیان و پلانی وەزارەتی پەروەردەشە ھەمو توانایەک بخاتەگەڕ بۆ گرینگیدانی زیاتری قوتابخانەکانی حکومەت."

لەبارەی بڕیارێکی وەزارەتەوە بۆ دەرچوانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی سەیوان عەلی رونی کردەوە"بەشێک لە قوتابخانەکانی کەرتی تایبەت دەیانەوێ ئەو قوتابیانەی نمرەی بەرزیان ھەیە لە پۆلەکانی ١٠ و ١١ی ئامادەیی بۆ خۆیان راکێشن و بچن لە ئەھلییەکان پۆلی ١٢ی ئامادەیی تەواو بکەن بۆ ئەوەی لەکاتی بەدەستھێنانی نمرەی بەرز سود لە نێوبانگی وەربگرن، بەڵام لە وەزارەتی پەروەردە بڕیاردراوە ھەر قوتابیەک نمرەی بەرزدەھێنێ زیاتری ساڵەکانی لەکام قوتابخانە بوە لەسەر ئەوە ھەژمار بکرێت."

جەختیشی کردۆتەوە "ئێمە رێز لە قوتابخانەکانی کەرتی تایبەت دەگرین، بەڵام ناشکرێت قوتابیەک لەقوتابخانەکانی سەربە حکومەت ئامادەبکرێت و دواتر ئەوان بۆ ناوبانگ سودی لێوەربگرن."

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×