سەرۆكی تیمی پارێزەرانی زیندانیانی بادینان: سبەی بڕیار لە چارەنوسی زیندانیانی مانگرتو دەدرێت
  2022-08-09       234       

سەرۆکی تیمی پارێزەرانی زیندانیانی بادینان رایگەیاند، بڕیار وایە سبەی سێشەممە داواکاری گشتی بڕیار لەبارەی چارەنوسی زیدانیانی مانگرتو دەدرێت بە ئازادکردنیان یاخود هێشتنەوەیان كە ماوەی 20 رۆژە مانیان لە خواردن گرتوە.

ئاوێنە: بەشدار حەسەن، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی زیندانیانی بادینان لە لێدوانێکیدا بۆ ئێن ئارتی رایگەیاند، سبەی سێشەمە چاوەرێی داواکاری گشتین بریار بدات بە ئازادکردنی گیراوان یان ھێشتنەوەیان.

بەشدار حەسەن وتیشی"بە بڕوای ئێمە بڕیارەکەی داواکاری گشتی ئەرێنی دەبێت، ئەگەر بڕیارەکە زو دەربچێت بە ئەرێنی ئەوا بۆ نیوەڕۆ جگە لە پێنج زیندانییەكەی شیلادزێ چەند دەستگیركراوێكی دیكەش ئازاد دەکرێن."

ماوەی 20 رۆژ ئەو زیندانیانە مانیان لە خواردن گرتوەو لەدوا پەیامیشیاندا رایانگەیاندوە، ئەگەر بە یاسا ئازاد نەکرێین ئەوا دەبێت تەرمەکانمان لە زیندان بێننە دەرەوە.

لە رۆژی 21ی تەمموزەوە، چالاكوانانی زیندانیكراوی بادینان، ئەمجەد یوسف، كۆڤان تاریق، یوسف شەریف، مەحمود ناجی و نێچیر بەدیع لە زیندانی چاكسازی گەورانی ھەولێر مانیان لە خواردن گرتوە. ئەم مانگرتنە، دەربڕینی ناڕەزایەتییە بەرامبەر بە سەرۆكایەتی داواكاری گشتی ھەرێم لەھەمبەر ڕێگریكردن لە بڕیاری ئازادكردنی مەرجدار بۆ ئەو زیندانیانە كە دەبو لە مانگی ئایاری ئەمساڵەوە ئازادبكرێن.

لەپاڵ ئەو پێنج زیندانییەی شیلادزێدا، 10 زیندانی تری بادینان و 42 زیندانی تری چاكسازی گەورانی ھەولێر بۆ ھەمان مەبەست مانگرتنیان ڕاگەیاندوە. تەواوی ئەو زیندانیانە بە پێی ماددەی یەك لە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی كوردستان سزادراون كە پەیوەستە بە "زیانگەیاندن بە ئاسایش، سەقامگیری و سەروەری خاكی ھەرێمی كوردستانی عێراق"ەوە.

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×