پلاسخارت بۆ لایەنە سیاسییەكان: دەبێ بەزوترین كات بگەنە ئەنجامێك لەبارەی هەڵبژاردن
  2022-08-10       408       

بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێم، جینین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی نێوان لایەنە سیاسییەكان و سەرۆكایەتی هەرێمدا بە لایەنەكانی راگەیەندوە، ده‌بێ به‌زوترين كات بگه‌نه‌ ئه‌نجامێك، چونكه‌ زۆر كات له‌به‌ر ده‌ستدا نييه‌.

ئاوێنە: ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممە، به‌سه‌رپه‌رشتيى نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و به‌ ئاماده‌بونى جينين پلاسخارت، نوێنه‌رى سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتوه‌كان له‌ عێراق، كۆبونه‌وه‌ى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ سياسييه‌ كوردستانييه‌كان ده‌رباره‌ى هه‌ڵبژاردنى داهاتوى هه‌رێمى كوردستان به‌ڕێوه‌چو.

بەپێی راگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتی هەرێم، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا سه‌ره‌تا نێچيرڤان بارزانى له‌ وته‌يه‌كدا سوپاسى خاتو پلاسخارت و لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى كرد بۆ به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنى بانگهێشتى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان و هيواى خواست لايه‌نه‌ سياسييه‌كان بگه‌نه‌ لێكگه‌يشتنێك بۆ دياريكردنى كاتى هه‌ڵبژاردن و چاره‌سه‌ركردنى گرفته‌كان و جه‌ختى له‌ گرنگيى هه‌ڵبژاردن بۆ  هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ و وتی: دواکه‌وتنی هه‌ڵبژاردن زیان به‌ ناو و پێگه‌ی هه‌رێمی کوردستان ده‌گه‌یه‌نێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لاى خۆيه‌وه‌ پلاسخارت وته‌يه‌كى ده‌رباره‌ى گرنگيى گه‌يشتنى لايه‌نه‌كان به‌ لێكگه‌يشتنێك له‌سه‌ر پرسى هه‌ڵبژاردن و دياريكردنى كاتى ئه‌نجامدانى كرده‌وه‌ و هه‌مو پشتگيرييه‌كى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتوه‌كانى بۆ سه‌رخستنى پرۆسه‌كه‌ ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێ به‌ زوترين كات بگه‌نه‌ ئه‌نجامێك، چونكه‌ زۆر كات له‌به‌ر ده‌ستدا نييه‌.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"پاش ئه‌وه‌، مسته‌فا سه‌يد قادر جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ڕاپۆرتى ليژنه‌ى ڕاسپێردراوى سه‌رۆكايه‌تى بۆ پرسى هه‌ڵبژاردن پێشكه‌ش كرد، لايه‌نه‌ سياسييه‌كانيش ڕا و بۆچونيان له‌مباره‌يه‌وه‌ خسته‌ ڕو و سوپاسى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستانيان كرد بۆ هه‌وڵه‌كانى له‌پێناو كۆكردنه‌وه‌ى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان، هه‌روه‌ها به‌رده‌وامى كۆبونه‌وه‌ و گفتوگۆكانيان به‌ ئه‌رێنى له‌ قه‌ڵه‌م دا."

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، له‌ كۆتايی كۆبونەوەكەدا بڕيار درا سه‌ره‌تاى مانگی ئه‌يلولى داهاتو دوايين كۆبونه‌وه‌ بۆ يه‌كلاكردنه‌وه‌ى ته‌واوى بابه‌ته‌كانى په‌يوه‌ست به‌ هه‌ڵبژاردن و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى به‌رده‌م پرۆسه‌كه‌ ئه‌نجام بدرێت، تا ئه‌وساش سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان و لايه‌نه‌ سياسييه‌كان، به‌ هاوکاریی تیمی پسپۆڕی یونامی له گفتوگۆ و ئاماده‌كارى به‌رده‌وام ده‌بن.

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×