سەدر بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری: تا كۆتایی هەفتەی داهاتو پەرلەمان هەڵبوەشێننەوە
  2022-08-10       397       

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، داوا لە دەسەڵاتی دادوەری بەتایبەت سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری دەكات تا كۆتایی هەفتەی داهاتو پەرلەمانی عێراق هەڵبوەشێننەوەو سەرۆك كۆماری عێراقیش وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری بكات. دەشڵێت: هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان پێویستی بە كۆبونەوەی پەرلەمان نییە.

ئاوێنە: موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە تویتێكدا جەختی كردۆتەوە كە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان پێویستی بە كۆبونەوەی پەرلەمان نییە. ئەوەش دوای ئەوەی نوری مالیكی، سەرۆكی دەوڵەتی یاسا، پێشتر رایگەیاندبو، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان و دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی، ناكرێت.

سەدر لە تویتەكەیدا داوای لە لایەنەكانی دەسەڵاتی دادوەریی بەتایبەت سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری كردوە "رێڕەوەكە راستبكاتەوە، بەتایبەت لەدوای كۆتاییهاتنی وادە دەستورییەكانی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو راسپاردنی سەرۆك وەزیران.." تا كۆتایی هەفتەی داهاتو هەڵسێت بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەروەها راسپاردنی سەرۆك كۆمار بۆ دیاریكردنی هەڵبژاردنێكی پێشوەخت بە كۆمەڵێك مەرج كە دواتر رایاندەگەیەنین.

رێبەری رەوتی سەدر جەختی كردۆتەوە كە لەو ماوەیەدا خۆپیشاندەران بەردەوام دەبن لە مانگرتن و "شۆڕشەكەیان" و هەڵوێستێكی دیكەیان دەبێت ئەگەر جارێكی تر گەل توشی شكست بكرێت.

هەروەك داواشی لە خۆپیشاندەران، فراكسیۆنی سەدری دەستلەكاركێشاوەو پەرلەمانتارانی دیكە كردوە، بۆ ئەوە سكاڵای رەسمی پێشكەش بە دادگای فیدراڵی بكەن و وتوشیەتی، هیوادارین دەسەڵاتی دادوەری بەرژەوەندی گەل لەبەرچاو بگرێت و لە گوشارەكان نەترسێت.

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×