رەوتى سەدر فۆڕمى سکاڵاى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان بڵاودەکاتەوە
  2022-08-10       408       

ساڵح محەمەد عێراق، ناسراو بە وەزیرەكەی سەدر، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، فۆڕمى تایبەت بە پێشکێشکردنى سکاڵاى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانى عێراقی بڵاوكردەوەو داوا لە لایەنگرانى رەوتی سەدرو خەڵك دەکات لە پارێزگاکانیان یان لە بەردەم پەرلەمان پڕى بکەنەوە.

 ئاوێنە: ساڵح محەممەد عێراقى، وەزیرى موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر لە هەژماری خۆی لە تویتەر فۆڕمێکى كردۆتەوە کە تایبەتە بە شێوازى پێشکێشکردنى سکاڵا بە دادگاى باڵاى فیدڕاڵیى عێراق لەبارەى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان.

 سکاڵاکە لە دژى محەممەد حەلبوسی، سەرۆکى پەرلەمانى عێراقە بەهۆى ئەوەى وەک لە سکاڵاکەدا هاتوە نەیتوانیوە کۆبونەوەى پەرلەمان بکات بۆ هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار و بەهۆیەوە وادەى دەستورى هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار تێپەڕبوە.

 هەر لە سکاڵاکەدا داوا لە سەرۆکى پەرلەمان کراوە کە پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە و داوا لە سەرۆککۆمار بکات وادەیەک دیاریبکات بۆ هەڵبژاردنى پێشوەخت.

 لەو تویتەدا وەزیرەکەى سەدر داواى لە لایەنگرانى رەوتەکەى و مانگرتوان و پەرلەمانتاران کردوە کە هەر یەکەیان ئەو فۆرمە لە پارێزگاکانى خۆیان یان لە بەردەم پەرلەمان پڕبکەنەوە و دواتر رادەستى لیژنەیەکى تایبەتى بکەن کە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزەر و دادنوسەکان دەکات بە مەبەستى پێشکەشکردنى سکاڵاکان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×