له‌نوێترین پێشنیازى پارتیدا داواى 50 به‌ 50 ده‌كات
  2022-08-11       644       


پارتی دیموكراتى كوردستان پێشنیازێك بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەشێوازی "ڕێژەیی تێكەڵە" پێشكەشدەكات، بەگوێرەی پێشنیازەكە 50 كورسی پەرلەمان بەلیستی داخراوو یەك بازنەیی هەڵبژێردرێن‌و 50 كورسییەكەی دیكەش بەشێوەی لیستی كراوەو فرەبازنەیی بێت.

ئاوێنه‌: هاوار محەمەد بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی بەمیدیای حزبەكەی وتووه‌، "پێشنیازەكەی پارتی چارەسەرێكی گونجاوە بۆ هەردوو خواستی سیستمی هەڵبژاردنی فرەبازنەیی‌و یەك بازنەیی، ناوەڕۆكی پێشنیازەكەش بریتییە لەدوو شێواز، یەكەمیان 50 كورسی كە دەكاتە 50%ی كورسی پەرلەمانی بەشێوازی یەك بازنەیی نیشتمانی بێت".

وتوشیه‌یتى:"شێوازی دووەمیش فرەبازنەیی بێت لەسەر ئاستی پارێزگاكان دابەشبكرێت كە 50%ی كورسییەكان لەخۆدەگرێت".

به‌وته‌ى به‌رپرسه‌كه‌ى پارتى، "ڕەنگە شرۆڤەی جیاجیا بۆ ئەو پێشنیازەی پارتی بكرێت، دەوترێت ئەو سیستمە پێشتر بەكارنەهاتووە، بەڵام ئەو جۆرە سیستمە سیستمی ڕێژەیی تێكەڵە كە بە(M.M.P) ناسراوەو لەزۆرێك له‌وڵاتان پەیڕەوكراوە".

سەبارەت بەپێكهاتەكان هاوار محەمەد ده‌ڵێت:"پارتی هەمیشە بۆچونی وایە دەبێ پێكهاتەكان خۆیان بڕیاربدەن، داواكاری ئەوان ئێستا ئەوەیە كە هەڵبژاردن یەك بازنەیی نیشتمانی بێت‌و لەهەموو شوێنێك بتوانن دەنگ بەكاندیدەكانیان بدەین، هەروەها بەشێوازی لیستی داخراوبێت، بۆ ئەوەی خەڵكی دیارو شایستە بنێردرێتە پەرلەمان، ئەمەش داوای زۆربەی لایەنەكانە".

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×