هه‌سه‌ده‌ هێرشيكرده‌سه‌ر سوپاى توركیا
  2022-08-11       593       

هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات ئاشكرایده‌كات، "لەچوارچێوەی پاراستنی ڕەواو تۆڵەسەندنەوەی خوێنی پاکی شەهیدە مەدەنی‌و سەربازییەکانمان زنجیره‌ چالاكیه‌كمان دژى سوپاى توركیا ئه‌نجامداو ته‌واوى هێرشه‌كانیش به‌ڤیدیۆ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌".

ئاوێنه‌: فەرهاد شامی بەرپرسی ناوەندی پەیوەندییەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەهەژماری خۆی لەفەیسبوک ئاشكرایكرد، "بۆ تۆڵەسەندنەوەی خوێنی شەهیدە مەدەنی‌و  سەربازییەکان، زنجیرەیەک چالاکی تایبەتیان لەدژی سوپای داگیرکەری تورکیا ئەنجامداوه‌".

به‌وته‌ى به‌رپرسه‌ سه‌ربازیه‌كه‌ى هه‌سه‌ده‌، "لەکاتژمێرەکانی داهاتودا ناوه‌ندى چاپه‌مه‌نى‌و ڕاگه‌یاندنى هەسەدە وردەکاریی زیاترو ته‌واوى دیمەنى هێرشه‌كانى كه‌ كراوه‌ته‌سه‌ر سوپاى توركیا بڵاودەکاتەوە".

شامى ئه‌وه‌شى ڕونكردۆته‌وه‌، "ئه‌و هێرشانه‌ى شه‌ڕڤانانى هه‌سه‌ده‌ كردویه‌تیه‌ سه‌ر سوپاى توركیا كاریگه‌رن‌و بۆ تۆڵەسەندنەوەی خوێنی پاکی شەهیدە مەدەنی‌و سەربازییەکانمانه‌".

سوپای تورکیا بەمدواییانە هێرشەکانی خۆی لەسنوره‌كانى ڕۆژئاواى كوردستان زیادكردووه‌و ڕۆژانە هەم بەبۆردومان‌و هەمیش بەفڕۆکەی بێفڕۆکەوان‌و هەم بەچەکی تری جۆراوجۆر هێرشده‌كاته‌سه‌ر ڕۆژئاواى كوردستان.

وه‌كو هه‌سه‌ده‌ ئێواره‌ى دوێنێ ئاشكرایكرد، "لەو هێرشانەدا نەک تەنها شه‌ڕڤانان‌و سه‌ركرده‌كانمان، بەڵکو هاوڵاتیانی مەدەنیشمان دەکرێنە ئامانج، ئێمە لەچوارچێوەی پاراستنی ڕەوادا وەڵامی ئەو هێرشانە دەدەینەوەو تۆڵەی شەهیدەکانمان لەداگیرکەران دەکەینەوە".
 

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×