بارزانی‌‌و خه‌نجه‌ر: مه‌رجی‌ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە پابه‌ندبونه‌ به‌ئه‌نجامه‌كه‌یه‌وه‌
  2022-08-11       477       

مەسعود بارزانی، سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانێتیی سه‌روه‌ری‌ سوننه‌كان جه‌خت له‌هەماهەنگی‌و كاری هاوبەشی نێوانیان ده‌كه‌نه‌وه‌و له‌باره‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خته‌شه‌وه‌ ده‌ڵێن، "ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە هەنگاوێكی باشە بەمەرجێك هەموو لایەك پابەندی ئەنجامەكانی بن".

ئاوێنه‌: باره‌گای‌ بارزانی‌ بڵاویكردۆته‌وه‌، ئه‌مڕۆ پێنجشەممە لەسەڵاحەددین مەسعود بارزانی پێشوازی  لەخەمیس خەنجەر كردوه‌و لەدیدارێكدا هەردولا بیروڕایان لەبارەی دوایین گۆڕانكاری‌و پێشهاتەكانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق ئاڵوگۆڕ كردوه‌، "جەخت لەسەر هەماهەنگی و كاری هاوبەشی نێوانیان كراوه‌تەوە بۆ دەربازبون لەچەقبەستویی سیاسی".

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش كراوه‌ كه‌ "پەیوەست بەقەیرانی سیاسیی عێراق، هەردولا ئەوەیان دوپاتكردەوە كە هەر دەستپێشخەری و هەنگاوێكی نوێ پێویستە بەئاراستەی باشتركردنی دۆخی سیاسیی عێراق و كۆتایهاتنی قەیرانی سیاسی بێت."

لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی‌ عێراقه‌وه‌ "هەردولا لەسەر ئەوە هاوڕابون كە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە هەنگاوێكی باشە بەمەرجێك كە هەموو لایەك پابەندی ئەنجامەكانی بن."

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×