دەزگای لوتکە: ئەو کۆچبەرانەی لەبەلەمە نقومبوه‌كه‌ی‌ ئیجه‌ رزگاریان بووە ھیچیان كورد نین
  2022-08-11       505       

دەزگای لوتکە بۆ كاروباری‌ كۆچه‌به‌ران جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئەو کۆچبەرانەی لەبەلەمە نقومبوه‌كه‌ی‌ ئیجه‌ رزگاریان بووە ھیچیان كورد نین. 

ئاوێنه‌: شیخ حسێن حمەساڵح، نوێنەری دەزگای لوتکە لەیۆنان ڕایگەیاندووه‌، سەرجەم کۆچبەره‌ ڕزگاربووه‌كانی ده‌ریای‌ ئیجه‌ هیچیان نەهاوڵاتی کوردن نەعێراقین، بەمەبەستی دیاریکردنی ناسنامەی بیسەروشوێنبووانی ئەو ڕوداوە پۆلیسی دەریاوانی کەناراوەکانی یۆنان ڕایگەیاندووە لەئێستادا هیچ زانیارییەکی فەرمی لەبەردەستدا نییە کە بێسەروشوێنبووەکان هاوڵاتی عێراقی بن.

لای‌ خۆیه‌وه‌ ئاری جه‌لال، سەرۆکی دەزگای لوتکە ده‌ڵێت، تا ئێستا هیچ خانەوادەیەکی كوردو عێراقی‌ ناوو ناسنامەی کەسوکاریان لەئۆفیسی سەرەکی‌و نوێنەرایەتییەکانی لوتکە تۆمار نەکردووە.

سەرۆکی دەزگای لوتکە ڕاشیگەیاندووه‌، لەکاتی هەر ڕوداوێک لەماوەی ساڵانی ڕابردودا لەڕێگای کۆچی نایاسایی کە ڕویدابیت کاتی ویستتوە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەی قوربانییەکان بەو پێیەی سەرجەم کۆچبەرانی بەنایاسای کۆچ دەکەن و هیچ لایەنێکی فەرمی ئاگادار نییە لەبوونی ژمارەو ناوو ناسنامه‌ی دروستی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ لەناو یەختەکاندان.

دەزگای لوتکە کەسوکاری کۆچبەرانی کوردو عێراقی ئاگادار دەکاتەوە کە نەکەونە داوی هیچ گروپ و باندێک بەناوی لایەنی پەیوەندیدار تایبەت بەکۆچبەران و پەنابەران کە سۆرەخی ڕۆڵەکانیان بۆ بکەن.

دوێنێ چوارشه‌ممه‌، هه‌واڵی‌ نقومبونی‌ یەختێکی کۆچبەران له‌ده‌ریای‌ ئیجه‌ بڵاوبوه‌وه‌ کە 80 کۆچبەری تێدا بووەو ژماره‌یه‌كیان ڕزگاركران‌و چاره‌نوسی‌ ژماره‌یه‌كی‌ دیكه‌یان تائێستا نادیاره‌.

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×