ئەمڕۆ دەستەی نەزاهەی فیدرالیی رایگەیاند، بەهۆی هاوکاریی کەسێکی رژێمی پێشووەوە ، ئەگەری هەیە 2 ملیار دۆلار بگەڕێننەوە بۆ عێراق. هەروەها وتیشی هەندێک وڵات بە مەبەست نایانەوێت هاوکاریان بن لە گەڕاندنەوەی پارەکانی عێراقدا.
ئاوێنە: ئەلساعدی، سەرۆکی دەستەی نەزاهەی فیدرالیی، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵەکانی عێراق رایگەیاند، یاسایەک هەیە بۆ گەڕاندنەوەی پارەکانی عێراق لە ساڵی 2012دەرچووە و تا ساڵی 2019 لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بەڕێوەدەبرا، بەڵام دواتر بەڕێوەبردنی ئەو یاسایە، کەوتە دەست دەستەی نەزاهە و وتی: لەو ماوەیەدا توانیمان متمانەی هاوڵاتیان بەدەستبهێنین تا ئەوانیش هەواڵ لەبارەی ئەو پارانەی عێراقەوە بدەنە دەستەکەمان.
وتیشی: زۆربەی ئەوانەی هاوکارمانن، لە خێزانی ئەو کەسانەن، کە پارەی گشتییان بردووە و نەیانتوانیوە کاغەز وپسوڵە فەرمییەکانی بهێننەوە. یەکێک لەو هاوکارانەش، کەسێکی سەر بە رژێمی پێشووە، کە وردەکاریی زۆری سەبارەت بە ٢ملیار دۆلار پێداین و لە داهاتوودا ئەو بڕە پارەیە دەگێڕینەوە بۆ عێراق. هەروەها وردەکاریی تری سەبارەت بە بڕە پارەی تر، چ لەناوەوە یاخود دەرەوەی عێراق، پێداوین.
لەکۆتایی لێدوانەکەشیدا ئەلساعدی ئاشکرای کرد، کە هەندێک وڵات بە مەبەست نایانەوێت هاوکارمان بن بۆ گێڕانەوەی پارەکانی عێراق و لەسەر ئاستی بەرز، پێویستمان بە رێکەوتن هەیە تا بتوانین تۆمەتبار و پارەکان بگەڕێنینەوە بۆ عێراق.