عامری و پلاسخارت قەیرانی سیاسی عێراق تاوتوێدەکەن
  2022-08-16       347       

هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح، لەدرێژەی کۆبونەوەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی سیاسی عێراق، ئەمڕۆ لەگەڵ جێنین پلاسخارت، نێردەی نەتەوەیەکگرتوەکان کۆبوەوە و دواین بەرەوپێشچونە سیاسییەکانیان تاوتوێکرد.

ئاوێنه‌: نوسینگەی هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح، ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردوەتەوە،"عامری لە نوسینگەی تایبەتی خۆی لە شاری بەغدا پێشوازی لە جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق کرد".

ئاماژەی بەوەشکردوە،"لە کۆبونەوەیەکدا هەردولا دواین بەرەوپێشچون و گۆڕانکارییەکانی قەیرانی سیاسی عێراق و رێگەچارەکانی رزگاربون لەو قەیرانەیان تاوتوێکرد، لەپێناو گەیشتن بە چارەسەرێکی بەپەلە و بەردەوامی پاڵپشتی ئەو هەوڵانە نیشتیمانیانەی کاردەکەن بۆ نزیکردنەوەی بیروبۆچونەکان و تێپەڕاندنی چەقبەستویی سیاسی کە ماوەی چەند مانگێکە وڵاتەکەی گرتوەتەوە".

پێشتر چوارچێوەی هەماهەنگی، هادی عامری وەک نوێنەری هاوپەیمانێتییەکەیان بۆ کۆبونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق دیاریکرد، لەوچوارچوەیەشدا لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە کۆمەڵێک کۆبونەوەی لەگەڵ بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق ئەنجامداوە.

کۆبونەوەکانی عامری، سەرەتا لەگەڵ سەرکردەی لایەنەکانی عەزم و تەقەدوم دەستیپێکرد و رۆژی یەکشەممەش گەیشتە هەرێمی کوردستان و بەجیا لەگەڵ سەرۆکی هەریەکە لە یەکێتی نیشتیمانی و پارتی دیموکرات و کۆمەڵی دادگەری و نەوەی نوێ و سکرتێری یەکگرتوی ئیسلامی کۆبوەوە.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی بەشێک لە میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردوەتەوە، بەم نزیکانە ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەی دو قۆڵی لەگەڵ موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، لەپێناو گەیشتن بە رێکەوتن بۆ چارەسەری چەقبەستویی سیاسی لە عێراق.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×