لایەنە بەشدارەكانی كۆبونەوەكەی كۆشكی حكومەت لەسەر پێنج خاڵ رێككەوتن
  2022-08-17       785       

سەركردەی لایەنە بەشدارەكانی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی كۆشكی حكومەت كە لەسەر بانگهێشتی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران و بە ئامادەبونی سەرۆكایەتییەكانی دیكەی عێراق و نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق بەڕێوەچو، لەسەر پێنج خاڵ رێككەوتن و دەڵێن، جارێكی دیكە پەنابردنەبەر هەڵبژاردنی پێشوەختە روداوێكی نائاسایی نییە لە مێژوی ئەزمونە دیموكراتییەكانداو داواش لە رەوتی سەدر دەكەن بەشداریی لەو گفتوگۆ نیشتمانییەدا بكەن كە جەختیان لەسەر بەردەوامی پێدانی كردۆتەوە بۆ چارەسەركردنی دۆخی ئێستای عێراق.

ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکایەتییەکانی عێراق لەسەر بانگهێشتی سەرۆک وەزیران مستەفا کازمی، لەگەڵ سەرکردەکانی هێزە سیاسییەكان بە ئامادەبونی نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق كۆبونەوە.

بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە كۆبونەوەكەدا لایەنە سیاسییەكان لەسەر پێنج خاڵ رێككەوتون و لە خاڵی یەكەمدا هاتوە، بەشداربوانی كۆبونەوەكە جەختیان لە پەباندبونیان بە نەگۆڕە نیشتمانییەكان، دۆزینەوەی چارەسەر بۆ هەر قەیرانێك لە رێگەی گفتوگۆ و گرتنەبەری گیانی برایەتی و هاوكاری كردەوە ئەوەش لەپێناو یەكێتی و ئاسایش و سەقامگیری عێراق و گەلەكەی لەگەڵ بەردەوامیی سیستمی دیموكراتیی دەستوریی و لەگەڵ جەخت كردنەوە لەسەر زاڵكردنی بەرژەوەندییە باڵاكانی نیشتمان و نیشاندنی گیانی هاوپشتی لەنێو خەڵكدا بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سیاسی ئێستا.

هەروەها لە خاڵی دوەمدا هاتوە، بەشداربوان ئاماژەیان بەوەدا كە جارێكی پەنابردنە بەر دەنگدان لە رێگەی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە روداوێكی نائاسایی نییە لە مێژوی ئەزمونە دیموكراسییەكاندا كاتێك قەیرانی سیاسی دەكاتە بنبەست، هێزە سیاسییە نیشتمانییەكان بۆ هەڵبژاردن پەنا بۆ رێڕەوە دەستورییەكان دەبەن.

بەپێی راگەیەندراوەكە، لە خاڵی سێیەمدا هاتوە، بەشداربوانی كۆبونەوەكە داوایان لە برایانی رەوتی سەدر كرد بێنە ناو گفتوگۆی نیشتمانی لەپێناو دانانی میكانزمی چارەسەرێكی هەمەلایەنە بەشێوەیەك كە خزمەت بە خواستەكانی خەڵكی عێراق و بەدیهێنانی ئامانجەكانی بكات.

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، بەشداربوان رێككەوتن لەسەر بەردەوامیدان بە گفتوگۆی نیشتمانی لەپێناو دانانب نەخشەڕێگایەكی یاسایی و دەستوری بۆ چارەسەركردنی قەیرانی ئێستا.

لە كۆتا خاڵیشدا بەپێی راگەیەندراوەكە، بەشداربوان داوای راگرتنی هەمو جۆرە گرژییەكی مەیدانی، راگەیاندن و سیاسییان كردو جەختیان لەسەر پێویستی پاراستنی دامەزراوەكانی دەوڵەت و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ هێمنەكان دور لە وروژاندن و ئیستیفزاز كردەوە كە وروژاندن و ئیستیفزاز دەكرێ ببنە مایەی نانەوەی ئاژاوەو داواشیان لە دەزگاكانی راگەیاندن و دەستەبژێران كرد پشتیوانی لە رێڕەوی گفتوگۆی نیشتمانی و ئاشتی كۆمەڵایەتی بكەن.  

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×