تەندروستی سلێمانی: یەكێك لەو ژنانەی شەوی رابردو سوتان، گیانی لەدەستدا
  2022-08-19       340       

تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، یەكێك لەو ژنانەی شەوی رابردو لەئەنجامی ئاگركەوتنەوە لە ماڵێكی گەڕەكی خەبات لە سلێمانی سوتان، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی گیانی لەدەستدا.

ئاوێنە: سامان شێخ لەتیف، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، كەمێك لەمەوبەر لە راگەیەندراوێكدا وتی"بەداخەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ(هەینی) کاتژمێر(٨:٤٠) بەهۆی زۆری رێژەی سوتانەکەیەوە یەکێك لەو خاتونانەی شەوی رابردو بەهۆی سوتاویەوە گەیەندرانە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانی سلێمانی بۆ سوتاوی نەشتەرگەری، کۆچی دوایی کرد."

شەوی رابردو، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاكەوتنی خێرای سلێمانی رایگەیاند، ئاگر لە ماڵێك لە گەڕەكی خەباتی شاری سلێمانی كەوتۆتەوەو بەهۆیەوە دو ژن سوتان و رەوانەی نەخۆشخانەی سوتاوی کراون.

سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی 122 لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا راشیگەیاند، ئەو دو ژنە ویستویانە ئاوبکەنە موبەریدەوە، بەڵام بەنزین دەرچوەو گڕی گرتوە و سوتاون.

سامان نادر، ئاماژەی بەوەشدا ئەو دو ژنە یەکێکیان تەمەنی 25 ساڵە و ئەوەی دیکەش 30 ساڵە، دۆخی تەندروستی یەکێکیان بەهۆی زۆری رێژەی سوتاوییەكەیەوە ناجێگیرە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×