رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا دهڵێت، "ئەمریکا ھەزاران بارھەڵگر چەک، تەقەمەنی، ئۆتۆمبێلو کەرەستەی بۆ ناوچەکە دهنێرێت، ئەوەی لەسوریا بەپلەی یەکەم تیرۆر بەخێو دەکات ئەمریکاو ھێزەکانی ھاوپەیمانانە. لەوێ بێزار نەبونو ھاتن لەعێراق ھەمان کاریانکرد. ئەگەر ئەمڕۆ لەعێراق نائارامییەک ھەبێت، ئەوا ھەر ئەمریکا دەستی تیایدا ھەیە''.
ئاوێنه: ئەردۆغان لەکاتی گەڕانەوەیدا لەئۆکرایناوە لەناو فڕۆکەکەیدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە. لەبارەی سوریاوە وتی، ''ئێمە کێشەیەکمان نییە لەگەڵ شکستپێھێنان یان نەھێنانی ئەسەد. ئەگەر لەتورکیادا ئۆپۆزسیۆن روداوەکە بەئاراستەی خاڵێکی لەو شێوەیە دەبات، ئەوا ھەم پێگە و ھەمیش قورسایی ئۆپۆزسیۆن ئاشکرا دەکات''.
وتیشی، "ئەمریکا لەئێستادا ھەزاران بارھەڵگر چەک، تەقەمەنی، ئۆتۆمبێل و کەرەستەی بۆ ناوچەکە ناردووە.. 'ئەو کەرەستانە بۆ کێ رەوانە دەکرێت؟ بەتەواوی بۆ رێکخراوە تیرۆریستییەکان. ئەمریکا ناتوانێت ئەوە بڵێت. ناتوانێت بڵێت 'من تیرۆرم بەخێونەکرد'. ئەوەی لەسوریا بەپلەی یەکەم تیرۆر بەخێو دەکات ئەمریکاو ھێزەکانی ھاوپەیمانە. لەوێ بێزار نەبوون و ھاتن لەعێراق ھەمان کاریان کرد. بۆ کێ؟ ھەر بۆ رێکخراوە تیرۆریستییەکان. ئەگەر ئەمڕۆ لەعێراق نائارامییەک ھەبێت، ئەوا بەداخەوە ھەر ئەمریکا دەستی تیایدا ھەیە."
سەرکۆماری تورکیا راشیگەیاند، ''ئێمە چاومان لەخاکی سوریا نییە، چونکە خەڵکی سوریا برای ئێمەن. ئێمە لەوێ ھیچ کێشەیەکی لەو شێوەیەمان نییە. یەکپارچەیی خاکەکەیان بۆ ئێمە گرنگە. دەبێت رژێم لەم بارەیەوە ئاگادار بێت".
لەوەڵامی پرسیارێکدا کە "ئایا گۆڕانکاری لەتێڕوانینی روسیا بەرامبەر بەیەپەگە رویداوە؟ رەجەب تەیب ئەردۆغان وتی، "لەئێستادا ئێمە وەک ھێزە ئەمنییەکانمان و ھەواڵگریمانو وەزارەتی بەرگرییمان، لەپەیوەندیداین لەگەڵ روسیا بۆ ھەر ھەنگاوێک کە لەسوریا دەینێین. ھاوڕێکانمان لەپەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵیان. منیش لەگەڵ بەڕێز پوتین دانوستانم کرد و پێم راگەیاند 'با ئەم پرۆسەیە مسۆگەر بکەین'. بۆ نموونە لە دوایین سەردانمدا بۆ سۆچی، سوریا بۆ ئێمە تەوەرێکی گرنگی گفتوگۆ بوو، لە ئێستاشدا لەبارەی روداوە تیرۆریستییەکانەوە، من لەگەڵ پوتین و وەزیرانی دەرەوەو بەرگرییشمان لەگەڵ ھاوتا روسییەکانیان لە گفتوگۆکردن بەردەوام دەبین".