پێنج گەشتیاری عێراقی لە روداوێكی هاتوچۆدا لە توركیا گیانیان لەدەستدا
  2022-08-25       474       

ئەمڕۆ چوارشەممە، لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێك لە پارێزگای موغلا لە باشوری خۆرئاوای توركیا، پێنج گەشتیاری عێراقی گیانیان لەدەستداو پێنجی دیكەش برینداربون. وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش دەڵێت، دەستیان كردوە بە ئاسانكاریی بۆ ئەنجامدانی رێكارەكانی هێنانەوەی تەرمەكانیان بۆ عێراق.

ئاوێنە: بەپێی میدیای رەسمی توركیا، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک لە جۆری "جێب سەفاری" لە قەزای "ماڕماڕیس"ی سەربە پارێزگای موغڵا لە باشوری خۆرئاوای توركیا، پێنج گەشتیاری عێراقی گیانیان لەدەست دا و پێنجی دیکەش برینداربون.

ئاماژەی بەوەشداوە كە ئۆتۆمبێلێکە كە ژمارەیەک گەشتیاری عێراقی هەڵگرتبو، لە ناوچەی "سەیر تەپەسی" لەسەر رێگای داتچا، بەهۆی خلیسکی رێگاوە، وەرگەڕاوەو لەسەر رێگاکەش خۆی بە بەشی پێشەوەی ئۆتۆمبێلێکدا کێشاوە کە بە ئاراستەی پێچەوانە هاتووە.

میدیای توركیا وتویەتی، لەكاتێكدا پێنج هاوڵاتیی عێراقی لە روداوەكەدا گیانیان لەدەستداوە، پینج گەشتیاری برینداریش لەلایەن تیمی فریاكەوتنەوە گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەكانی قەزاكە.

ئاماژەی بەوەشداوە كە بارودۆخی بەشێک لە بریندارەکان ناجێگیرە و شۆفێرەکان دەستبەسەر کراون.

ئەوەش خراوەتەڕو، روداوەكە لەكاتێكدا رویداوە كە ئۆتۆمبێلەکە، گەشتەكەی تەواوكردوەو بەنیاز بوە بگەڕێتەوە سەنتەری قەزاكە.

لەلایەكی دیكەوە ئەمشەو چوارشەممە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێكدا پشتڕاستیكردەوە كە لە روداوێكی هاتوچۆدا لە ماڕماڕیس، پێنج هاوڵاتی عێراقی گیانیان لەدەستداوەو باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە دەستیكردوە بە بەدواداچون لەگەڵ كەسوكاری قوربانییەكان و كۆمپانیای گەشتیاریی بەرپرسی گەشتی ئەو هاوڵاتیانەو هەروەها دەستیشی بە كاركردن بۆ ئاسانكاریی رێكارەكانی گەڕاندنەوەی تەرمەكانیان كردوە.

وەزارەتەكە هیچ ئاماژەیەكی بەوە نەداوە كە هاوڵاتیانە خەڵكی چ ناوچەیەكی عێراقن بەڵام هیوای چاكبونەوەی بۆ بریندارانی روداوەكە خواستوە بەبێ ئەوەی ژمارەیان ئاشكرابكات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×