بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی عێراق، پلاسخارت داوای کۆبونەوە لە سەدر دەکات
  2022-08-25       406       

سەرچاوەیەکی نزیک لە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق هەوڵەکانی چڕکردوەتەوە بەمەبەستی ئەنجامدانی کۆبونەوەیەکی نوێ لە بارەگای سەدر، بەمەبەستی گەیشتن بە ئەنجامێک بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی ئێستای عێراق.

ئاوێنە:  بەغداد ئەلیەوم، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەزاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردوەتەوە،"نەتەوەیەکگرتوەکان نیگەرانە بەو دۆخەی لەئێستادا لە عێراق دروستبوە و بەردەوامی هەیە، لەهەمان کاتیشدا هەستیان بە گرنگی رەوتی سەدر کردوە لە هاوکێشە سیاسییەکانی وڵاتەکەدا، کە کلیکی چارەسەری ئەم قەیرانەی کە هەیە بەدەستی ئەوەوە جگە لەو قورساییەی لەئاستی هاوڵاتیانیدا هەیەتی".

ئاماژەی بەوەشکردوە،"جێنین پلاسخارت، نێردەی نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق دەستی بە ژمارەیەک پەیوەندی چڕکردوە، لەپێناو ئەنجامدانی کۆبونەوەیەکی نوێ لە ماڵی موقتەدا سەدر، لە حەنانە، مەبەستیەتی بچونی خۆی بخاتەڕو سەبارەت بە قەیرانی عێراق پاش ئەو کۆبونەوانەی لەگەڵ سەرکردە سیاسییە شیعی و سونی و کوردییەکان ئەنجامیدا".

ئاشکراشیکردوە،"تائێستا نازاندرێت، سەدر بەو داوایە رازی دەبێت یان نا، بەڵام هەڵوێستی رەوتی سەدر جێگیرە، کە ئەویش رەتکردنەوەی دانیشتنە لەگەڵ هەر لایەنێک کە تێوەگلابێت لە گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی وڵات لەبەرژەوەندی حزبەکەی خۆی".

ئەمە لەکاتێکدایە، لەچەند رۆژی رابردودا لایەنگرانی رەوتی سەدر خۆپیشاندانەکان بردە بەردەم بینای ئەنجومەنی باڵای دادوەری، لەدوای ئەمەش چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، هەر کۆبونەوەیەکی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ رەتدەکەنەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×