لە بەیانی ئەمڕۆ هەینییەوە شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین بەغدای پایتەخت و چەندین ناوچەیەکی دیکەی عێراقی گرتوەتەوە و بەهۆیەوە ئاستی بینین بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
ئاوێنه: لە ماوەی چەند رۆژی رابردودا هاوشێوەی ئەمڕۆ، شەپۆلێکی خۆڵبارین بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراقی گرتەوە، شارەزایانی کەشناسی هۆکاری زۆری شەپۆلەکانی خۆڵبارین بۆ بەبیابان بونی خاکی عێراق، کەمی سەوزایی و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا دەگەڕێننەوە.
بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا وشکەساڵی و بەبیابانبون لە عێراق بە رێژەیەکی بەرچاو زیادیکردوە، عێراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتەیە کە زۆرترین کاریگەرییان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە لەسەر دروست دەبێت.
یەکێک لە لێکەوتەکانی بەبیبانبون و وشکەساڵی خۆڵبارینە. ئەمساڵ تاوەکو ئێستا زیاتر لە 10 جار لە هەرێمی کوردستانیش شەپۆلی خۆڵبارینی چڕ هەڵیکردوە.