كازمی داوا لە سەدر دەكات خۆپیشاندەران لە دامودەزگا حكومییەكان بكشێنێتەوە
  2022-08-29       406       

مستەفا کازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق داوا لە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر دەکات کە خۆپێشاندەران لە دامودەزگا حكومییەكان بكشێنێتەوە.

ئاوێنە: مستەفا كازمی، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەو پێشهاتە مەترسیدارانەی ئەمڕۆ لە عێراقدا رویانداو خۆپیشاندەران هەڵیانكوتاوەتە سەر ناوچەی سەوز و چونەتە نێو دامودەزگاکانی حکومەتەوە، ئاماژەن بۆ مەترسیداریی لێکەوتەکانی بەردەوامبون و کەڵەکەبونی ناكۆكییە سیاسییەکان.

وتوشیەتی، لە کاتێکدا دوپاتی دەکەنەوە کە هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی دەوڵەت لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە کردەوەیەکی ئیدانەکراوەو لە دەرەوەی چوارچێوە یاساییەکانە، داوا لە موقتەدا سەدر دەکەین کە هەمیشە پشتگیری لە دەوڵەت كردوەو جەختی لە پاراستنی شكۆی دەوڵەت و ڕێزگرتن لە هێزە ئەمنییەکان کردوەتەوە داوا لە خۆپیشاندەران بکات لە دامودەزگا حکومییەکان بکشێنەوە.

 کازمى جەختیکردوەتەوە، بەردەوامبونی ناکۆکییە سیاسییەكان بگاتە ئەو ئاستەی زیان بە هەمو دامودەزگاکانی دەوڵەت بگەیەنێت، خزمەت بە ئاوات و خواست و ئایندەو یەکپارچەیی خاکی گەلی عێراق ناکات. 

داواش له هەمو لایەنك دەكات دان بەخۆیاندا بگرن و هەروەها داوا لە خۆپیشاندەران دەكات دەستبەجێ لەناوچەی سەوز بكشێنەوەو پابه‌ندی رێنماییه‌كانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بن كه‌ به‌رپرسن له‌ پاراستنی دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كان و گیانی هاوڵاتیان. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×