نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان داوا لە خۆپیشاندەران دەكات لەناوچەی سەوز بكشێنەوە
  2022-08-29       389       

نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق داوا لە سەرجەم خۆپیشاندەران دەكات ناوچەی سەوزی بەغدا بەجێبهێڵێن و بینا حكومییەكان چۆڵ بكەن و دەشڵێت، مانەوەی دەوڵەتی عێراق لە مەترسیدایە.

ئاوێنە: نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، داوا لە سەرجەم خۆپیشاندەران دەكەین دەستبەجێ ناوچەی سەوزی بەغدا بەجێبهێڵن و سەرجەم بینا حکومییەکان چۆڵ بکەن و ڕێگە بدەن حکومەت بەردەوام بێت لە بەرپرسیارێتیەکانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە خزمەت عێراقییەکاندا.

ئەوەشی خستۆتەڕو، پێشهاتەکانی ئەمڕۆ پەرەسەندنێکی زۆر مەترسیدارن و ده‌بێت ده‌زگای ده‌وڵه‌ت له‌ خزمه‌تی گه‌لی عێراقدا بێت و له‌ هه‌مو بارودۆخ و له‌ هه‌مو كاتێكدا، بێ به‌ربه‌ست كار بكات.

وتوشیەتی"ئێستا دەردەكەوێت كە ڕێزگرتن لە نیزامی دەستوریی شتێكی زۆر پێویستە."

یونامی داوای لە هەموان كردوە بە ئاشتیانە بجوڵێنەوەو لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان هاوکاری بن و خۆیان لە کردەوەگەلێک بەدور بگرن کە دەبنە مایەی زنجیرەیەک ڕوداو كە ناتوانرێت رابگیرێن.

هەروەها یونامی داوای لە هەمو كەسایەتییە سیاسییەكان كردوە کاربکەن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و پەنا بۆ دیالۆگ ببەن وەک تاکە ئامرازێک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و وتوشیەتی"ناکرێت عێراقییەکان بكرینە بارمتەی دۆخێکی پێشبینی نەکراو. مانەوەی دەوڵەتیش لە مەترسیدایە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×