پاش چەند رۆژێک لە راگرتنی کەشتییەکی ئەمەریکا، هێزی دەریایی ئێران ئەمڕۆ دەسستیبەسەر دوو بەلەمی ئەمەریکادا گرت.
ئاوێنه: هێزی دەریایی ئێران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند:" لە سنوورە ئاوییەکانی دەریای سوور دەستمان بەسەر دوو بەلەمی ئەمەریکادا گرتووە کە سەرقاڵی کاری سیخوڕی و کۆکردنەوەی زانیاری بوون".
ئاماژەی بەوەشکرد:" بەبێ ئەوەی هیچ پێکدادانێک دروستببێت توانراوە دەستبەسەر دوو بەلەمەکەی ئەمەریکادا بگیرێت".
هاوکات ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەواڵەکەی هێزی دەریایی ئێرانی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند:" دوو بەلەمی بێ سەرنشینی وڵاتەکەمان لەلایەن هێزی ناوبراوەوە بۆ ماوەیەکی کاتی دەستیبەسەردا گیراوە و دواتر ئازادکراون".
شایەنی باسە لە چەند رۆژی رابردوودا فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا باسیلەوەکردبوو:" هێزەکانی ئێران بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک کەشتییەکی بێ سەرنشینی ئەمەریکایان لە کەنداوی فارسدا راگرتووە".
روونیشیکردبووەوە:" دوابەدوای رووداوەکە یەکەکانی هێزی دەریایی ئەمەریکا نزیکبوونەتەوە لە کەشتییەکە و پاشان ئێران کەشتیەکەی ئازاد کردووە".