یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا و وەزارەتی پێشمەرگە نوێکرایەوە
  2022-09-21       412       

ئەمڕۆ چوارشەممە، سیلێست واڵاندەر، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریكاو شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، ئیمزای یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی نوێكراوەی نێوان هەردو وەزارەتەكەیان كرد بۆ بەردەوامیدان بە پشتیوانیكردنی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنەكانی تێكشكاندنی داعشدا.

ئاوێنە: بەپێی بەیاننامەیەكی هاوبەشی هەردو وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا، ئەمڕۆ ڕێکەوتی ٢١ ی ئەیلولی ٢٠٢٢، سیلێست واڵاندەر، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمەریکا و شۆڕش ئیسماعیل عەبدوڵڵا، وەزیری کاروباری پێشمەرگە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نوێکراوەی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەیان کرد بۆ بەردەوامیدان بە پشتیوانیکردنی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنەکانی تێکشکاندنی داعشدا.

لە بەیاننامە هاوبەشەكەدا هاتوە"ئەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە کە بۆ یەکەمجار لە سالی ٢٠١٦دا واژۆ کرا، ڕەنگدانەوەی هەماهەنگیی دورمەودای نێوان ویلایەتە یەکگرتوەکان و خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق و هەروەها پابەندیی هاوبەشیشیانە بۆ تێکشکاندنی یەکجارەکی داعش."

ئەوەش خراوەتەڕو"لە ڕێی ئەم لێکتێگەیشتنەوە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا پابەندیی خۆی بۆ پشتیوانیکردنی ڕۆڵ و بەشداریی هێزەکانی پێشمەرگە دوپات دەکاتەوە لە ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی تێکشکاندنی داعشدا وەک پێکهاتەیەکی هێزە ئەمنییەکانی عێراق."

بەپێی بەیاننامەكە "یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە هەم دەستنیشانی ئەو بەرەپێشچونانە دەکات کە لە بواری چاکسازیی بنەڕەتیی دامەزراوەکاندا بە دەست هاتون و هەمیش پابەندیی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی زیاتر بە ئامانجی زیاتر پرۆفێشناڵکردنی هێزەکانی لەخۆدەگرێت."

هەروەها ئاماژە بەوەشدراوە"ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا شانبەشانی خەڵکی عێراق لە ناویشیاندا خەڵکی هەرێمی کوردستان دەوەستێت لە کاتێکدا عێراقێکی بەهێزو سەقامگیرو خاوەن سەروەری بنیاد دەنێن."

لەكۆتایی بەیاننامە هاوبەشەكەدا هاتوە"بۆنەی واژۆکردنی یاداشتنامەکە لەژێر چاودێریی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە و بە ئامادەبونی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و جێگری سەرۆک وەزیران قوباد تاڵەبانی ئەنجامدرا کە جەختکردنەوەی پابەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بە هەماهەنگیی بەردەوامی ئەمنی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکادا لە چوارچێوەی دەستوری عێراق و پرۆگرامی چاکسازی پێشمەرگەدا."

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×