كەمال كەركوكی: دەبێ پۆستی سەرۆككۆمارو پارێزگاری كەركوك لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە یەكلایی بكرێنەوە
  2022-09-22       491       

كەمال كەركوكی، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکوك- گەرمیانی پارتی لەبارەی پرسی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق رایگەیاند، پۆستە باڵاكانی هەرێم و ئەو پۆستە باڵایانەی لە بەغدا ئیستیحقاقی كوردن موڵكی هیچ كەس و حیزبێكی سیاسی نین و دەبێت لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە بەدەنگدان یەكلایی بكرێنەوەو دەشڵێت، بابەتی پۆستی پارێزگاری كەركوكیش كە ئیستیحقاقی كوردە، دەبێت بە هەمان شێوە یەكلایی بكرێتەوە.

ئاوێنە: كەمال كەركوكی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە رونكردنەوەیەكدا لەبارەی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق و پارێزگاری كەركوك رایگەیاند"هەمو پۆستێک لە ھەرێمی کوردستان و ئەو پۆستانەشی لە بەغدا ئیستیحقاقی گەلی كوردن، مافی گەلی کوردستانن، نەک تاپۆی کەسێک یان پارتییەکی سیاسی یا چەکداری یان کەسایەتییەکی دیاریکراو."

كەمال كەركوكی پێی وایە رێككەوتنی پێشتری نێوان پارتی و یەكتێی بەوەی كە پۆستی سەرۆككۆمار بۆ یەكێتی و سەرۆكی هەرێم بۆ پارتی بێت، "ئەوە ناگەیەنێت پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئیتر ھەتاھەتایە تاپۆ بێت لەسەر ناوی پارتی و سەرۆککۆماریش تاپۆ بێت لەسەر ناوی یەکێتی."

وتوشیەتی"ئەوە دروست نییەو ھیچ کاتیش گەلی کوردستان پەسەندی ناکات! چونکە مافی گەلی کوردستانە پۆستەکان بە چ کەس و پارت و لایەنێک بدات بە ئەمانەت بۆ خولێک دو کەسی شیاو بۆ ئەو دو پۆستە دیاری بکرێت، ئەویش لە لایەن نوێنەرانی خەڵکی کوردستانەوە لە پەڕلەمانی کوردستان لە کەش و ھەوایەکی ئازاد لە ناو پەڕلەمانی کوردستان بە دەنگدان ئەو دو پۆستە پڕبکرێنەوە."

كەمال كەركوكی وتوشیەتی"لایەنێک کە ناتوانێت ‏ھیچ پۆستێکی سیادی نە لە کوردستان و نە لە عێراق بە دەستبهێنێت و بیەوێت بە ناشەرعی و گوێنەدان بە دەنگی گەل و ڕێزنەگرتن لە گەل و پشت بە نەیارانی گەلی کوردستان پۆستێک بەدەس بهێنێت!  با ئەو لایەنە بەخۆدابچێتەوەو ھەڵەکانی خۆی چاک بکات، بەڵکو لە ھەڵبژاردنی داھاتودا گەلی کوردستان کەمێک ئەرێنیتر ھەڵیانبسەنگێنن و دەنگی زیاتریان پێ بدەن و چەند کورسیەکی زیاتر بێنن."

جەختیشی كردۆتەوە كە "پارێزگاری کەرکوک ئیستحقاقی کوردەو دەبێت کورد پارێزگارێک دیاری بکات و دابنێت، لەبەرئەوەی ئەو بابەتە مافی کوردە بۆیە مافی گەلی کوردستانیشە لە ڕێگای نوێنەرەکانی گەل لە پەڕلەمانی کوردستان ئەو پارێزگارە دیاری بکات و دابندرێت."

دەقی رونكردنەوەكە:

ڕونکردنەوەیەک لە ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکوک – گەرمیانەوە

لەم ڕۆژانەدا لێرە و لەوێ زۆر باسی پۆستەکانی سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و پارێزگاری کەرکوک دەکرێت! بۆیە بە گرینگمان زانی ئەم ڕونکردنەوەیە ئامادە بکەین و بیخەینە بەر دەستی دڵسۆزانی گەلی کوردستان.

بەڕێزان هەمو پۆستێک لە ھەرێمی کوردستان و ئەو پۆستانەشی لە بەغدا ئیستیحقاقی گەلی كوردن، مافی گەلی کوردستانن، نەک تاپۆی کەسێک یان پارتیەکی سیاسی یا چەکداری یان کەسایەتییەکی دیاریکراو.

بۆیە زۆر زۆر گرینگە ھەمو تاکێکی گەلی کوردستان باش بزانێت کە لە دوای ڕوخانی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی عێراق و ھەرێمی کوردستان، پارتی و یەکێتی بە یەك لیستی ھاوبەش بەشداری ھەردو ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراقیان کرد و زۆرینەی دەنگی گەلی کوردستانیان بەدەستھێنا و، ھەردو لا لەسەر دابەشکردنی پۆستە سیادییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق ڕێککەوتن و دابەشیان کرد، چونکە گەلی کوردستان زۆرینەی دەنگی خۆیان بەو لیستە ھاوبەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دابو.

بەوەی گەلی کوردستان مافی تەواوی بەو لیستە ھاوبەشەی پارتی و یەکێتی دابو، ھەردو حزب شەرعیەتی گەلی کوردستانیان بەدەستھێنابو، بۆیە توانییان پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەو قۆناخە بە ڕێزدار کاک مسعود بارزانی بسپێرن و سەرۆکی کۆماری عێراقیش بە خوالێخۆشبو مام جەلال بسپێرن.

بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئیتر ھەتا ھەتایە تاپۆ بێت لەسەر ناوی پارتی و سەرۆککۆماریش تاپۆ بێت لەسەر ناوی یەکێتی. ئەوە دروست نییەو ھیچ کاتیش گەلی کوردستان پەسەندی ناکات! چونکە مافی گەلی کوردستانە پۆستەکان بە چ کەس و پارت و لایەنێک بدات بە ئەمانەت بۆ خولێک دو کەسی شیاو بۆ ئەو دو پۆستە دیاری بکرێت، ئەویش لە لایەن نوێنەرانی خەڵکی کوردستانەوە لە پەڕلەمانی کوردستان لە کەش و ھەوایەکی ئازاد لە ناو پەڕلەمانی کوردستان بە دەنگدان ئەو دو پۆستە پڕبکرێنەوە.

ئیتر ئەو کەسانە کە پەڕلەمانی کوردستان دەسنیشانیان دەکات ھەردو لە یەک حزب دەبن یا ھەر یەکێکیان لە حزبێک، یان ھەردو بێلایەن یان یەکیان بێلایەن و یەکیان لە حزبێک بێت. گرینگ ئەوەیە نوێنەرانی خەڵکی کوردستان ئەو بڕیارە بدەن نەك حزبێکی دیرایکراو کە خەڵکی کوردستان دەنگێکی سنورداری پێی داوەو بەھیچ شێوەیەك نەتوانێت زۆرینەی دەنگی ناو پەڕلەمان بەدەست بهێنێت. لەبەر ئەمە، گرینگە لایەنێک کە ناتوانێت ‏ھیچ پۆستێکی سیادی نە لە کوردستان و نە لە عێراق بە دەستبهێنێت و، بیەوێت بە ناشەرعی و گوێنەدان بە دەنگی گەل و ڕێزنەگرتن لە گەل و پشت بە نەیارانی گەلی کوردستان پۆستێک بەدەس بهێنێت!  با ئەو لایەنە بەخۆدابچێتەوەو ھەڵەکانی خۆی چاک بکات، بەڵکو لە ھەڵبژاردنی داھاتودا گەلی کوردستان کەمێک ئەرێنیتر ھەڵیانبسەنگێنن و دەنگی زیاتریان پێ بدەن و چەند کورسیەکی زیاتر بێنن.

بۆ بابەتی کەرکوکیش بە ھەمان شێوە، زۆرینەی دانیشتوانی کەرکوک کوردن و لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لیستی برایەتی لە (٤١) کورسیی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوك (٢٦) کورسیی ھێنا، بۆیە پارێزگاری کەرکوک ئیستحقاقی کوردەو دەبێت کورد پارێزگارێک دیاری بکات و دابنێت، لەبەرئەوەی ئەو بابەتە مافی کوردە بۆیە مافی گەلی کوردستانیشە لە ڕێگای نوێنەرەکانی گەل لە پەڕلەمانی کوردستان ئەو پارێزگارە دیاری بکات و دابندرێت.

بۆیە گرینگە گشت لایەنەکان ڕێز لەگەلی کوردستان بگرن و بۆ چارەسەری کێشەکانیان پەنابەرن بۆ گەل و ڕێز لەدەنگی نوێنەرانی گەل لە پەڕلەمانی کوردستان  بگرن .

دکتۆر کەمال کەرکوکی

سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکوك - گەرمیان

٢٢-٩-٢٠٢٢

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×